بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای دەستوور و سەروەری دەوڵەتن.
دەقی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی:
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندترین شێوە هێرشە تاوانکارییەکانی میلیشیا و گرووپە چەکدارە دەرچوو لە یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت ئیدانە و مەحکوم دەکات، کە هەرێمی کوردستانیان بەئامانج گرتووە بە هێرش کردنە سەر ناوچە نیشتەجێییەکان و شوێنە گشتییەکان، کە بووە هۆی برینداربوون و زیانگەیشتن بە هاووڵاتیانی بێتاوان.
ئەم هێرشانە کردارێکی تیرۆری ئاشکرا و پێشێلکردنی گەورەی دەستوور و سەروەری دەوڵەتن و جارێکی تر مەترسیی چەکی بێکۆنترۆڵ دەردەخەن، کە بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئاسایشی هاووڵاتیان و سەقامگیری وڵات.
ئامانجگرتنی شارەکان و ماڵە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان تاوانێکی قێزەون و مەحکومکراوە بە هەموو پێوانەیەک و بێ سەرکۆنەکردن و لێپرسینەوە تێ ناپەڕێت.
لەبەر ئەم هەڵچوونە مەترسیدارە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین بە هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە کار بکات بۆ کۆتاییهێنانی ئەم گرووپە توندڕەو و دەرچوو لە یاسایانە، هەروەها دۆزینەوە و دادگاییکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەم هێرشانە و ڕێگە نەدان بە هیچ هێزێکی چەکدار بۆ کارکردن لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.
بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بێ ڕاگرتنێکی ڕاستەقینە، لاوازکردنی مەترسیداری شکۆى دەوڵەتە لەخۆیدا و پرسیاری جدی دروست دەکات لەسەر توانای حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی هاووڵاتیان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق