ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر دەڵێت "نرخی غازی حکوومی وەکو خۆیەتی و گران نەبووە، ڕۆژانەش غازی حکوومی بەسەر ھاووڵاتییان دابەش دەکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەند سەرچاوەیەک غاز دابین دەکات و بەھیچ شێوەیەک قەیرانی غاز دروست نابێت."
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "دوای ئەو بارودۆخەی لە ناوچەکە دروست بووە، ڕاستە کاریگەری ھەبووە، بەڵام نرخی غازی حکوومی ھیچ گران نەبووە و بوتڵێک غاز بە ٨ھەزار و ٥٠٠دینارە، تەنیا بازرگانییەکە گران بووە، ئێمەش ڕۆژانە ئەوەی بەدەستمان دەگات بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشی دەکەین."
ئاری کاکەشین گوتیشی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و بەردەوام غازی پێویست بگاتە دەستمان و بەو نرخەی ئێستا دابەش بکرێت."
دەشڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی کارگەی کار و ھاوردەکردنی غازی بازرگانی و لەڕێگەی حکوومەتی عێراق غاز دابین دەکرێت، بەھیچ شێوەیەک قەیرانی کەمی غاز دروست نابێت، چونکە جگە لەو سەرچاوانە بڕێکی زۆری غازی کۆگاکراویشمان ھەیە."
لەبارەی نرخی بەنزینیش، ئاری کاکەشین گوتی "نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان ھیچ گران نەبووە و نرخی وەکو پێشترە، ڕۆژانە بەنزینی پێویست دەگاتە دەستمان و دابەش دەکرێت، بۆیە تا ئێستا ھیچ گرفتێکی کەمی بەنزین دروست نەبووە."
بڵند ئیبراھیم