ھەولێر-KDP.info- لە پەیامێکی پڕ لە ڕێز و پێزانیندا بۆ ماندووبوونی سەربازە ونەکانی شار، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ژینگەپارێزان و باخەوانەکان ناسنامەی ڕەسەنی پاکوخاوێنی و سیمای جوانین لە پایتەختدا.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ی ئازاری ٢٠٢٦، بەڕێز د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی، بە یاوەری شاندێکی حزبی و کارگێڕی، سەردانی مەیدانیی باخەوان و ژینگەپارێزانی پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمانی کرد.
د. زانا مەلا خالید لە نزیکەوە لەگەڵ ژینگەپارێزان کۆبووەوە و وێڕای دەستخۆشییەکی گەرم، ڕایگەیاند، "ئێوە تەنیا فەرمانبەر نین، بەڵکو بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاون لە جوانیی هەولێر. ئەو خزمەتە گەورەیەی ئێوە بە ژینگەی ئەم شارەی دەکەن، جێگەی شانازیی هەموو لایەکمانە و ڕێز لە هەر دڵۆپە ئارەقەیەکی ماندووبوونتان دەگرین."
بەرپرسی لقی دوو جەختی کردەوە کە بە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی خۆیان دەزانن بەردەوام لە خەم و پێویستییەکانی ئەم توێژە ماندوونەناسە بپرسنەوە. گوتیشی، "دەرگای ئێمە هەمیشە بۆ ئێوە کراوەیە و پاڵپشتی تەواوی ماف و داواکارییەکانتانین، چونکە پاراستنی ژینگە لای ئێمە لە پێشینەی کارەکانە."
ئەم بەسەرکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان وەک سییەکانی پایتەخت و گەورەترین ناوەندی سەوزایی هەرێم دەناسرێت، کە بەرهەمی دەستی ڕەنگینی ئەم باخەوان و ژینگەپارێزانەیە.
