ھەولێر-KDP.info- لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، مژدەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گواستنەوەی ئەو ھاووڵاتییانە ڕادەگەیەنێت کە لە ھەرێمی کوردستان و ئەورووپا گیریان خواردووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە فڕۆکەخانەی (شەرناخ) دەبێتە وێستگەی سەرەکیی ئەم پرۆسەیە.
لاوەند مەموندی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا، کۆمپانیای (فلای ئەربیل) یەکەمین گەشتی نێوان دۆسڵدۆرف و شرناخی ئەنجامدا. ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆ بە کاتی ھەولێر، یەکەم فڕۆکە لە ئەڵمانیاوە بەرەو شرناخ بەڕێ کەوت.
سەبارەت بە قەبارەی گواستنەوەکە، مەموندی ئاماژەی بەوە کرد، ''لە گەشتی چووندا ٦٥ گەشتیار لە ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە، و لە گەشتی گەڕانەوەشدا بۆ ئەڵمانیا، پڕۆسەی گواستنەوەی ١٤٠ ھاووڵاتی دەستی پێکردووە کە لە ھەرێمی کوردستان مابوونەوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ دۆسڵدۆرف.
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکان جەختی لەسەر بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە کردەوە و خشتەی گەشتەکانی داھاتووی بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
ڕۆژی ھەینی (٦ـی ئادار) گەشتێکی چوون و ھاتن لە نێوان دۆسڵدۆرف و شرناخ.
ڕۆژی یەکشەممە (٨ـی ئادار) گەشتێکی دیکەی تایبەت بۆ گواستنەوەی گەشتیاران.
لە کۆتاییدا لاوەند مەموندی دووپاتی کردەوە کە ئەم ھەنگاوە وەک چارەسەرێکی خێرا و پێویستە بۆ ئەو کەسانەی بەھۆی ڕاگرتنی گەشتە ڕاستەوخۆکانەوە تووشی گرفت ببوون، تاوەکو بە شێوەیەکی سەلامەت و ڕێکوپێک بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
بڵند ئیبراھیم