هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تەواوی هاووڵاتیان و میوانانی پایتەخت دڵنیا دەکەینەوە، پلانێکی تۆکمە و هەمەلایەن بۆ پاراستنی سەروماڵ و دابینکردنی کەشێکی ئارام لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا داڕێژراوە.
(عەمید کامل بەرزنجی)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، تیمەکانمان لە هەموو بەشەکان، بە شێوەیەکی چڕتر و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا لە ئەرکداین و هێزەکانمان بە شێوەیەکی مەیدانی بڵاوەیان پێ کراوە.
بەرزنجی هەروەها دەشڵێت، هێزەکانی پۆلیس، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە ناو شار و قەزا و ناحیەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن.
پەیوەست بە پاراستنی شوێنە گشتییەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژە دەدات، تیمی تایبەت لە نزیک مزگەوتەکان، بازاڕەکان، سەنتەرەکانی کڕین و پارکەکان جێگیر کراون.
سەبارەت بە ئەرک و کاری تیمە گەڕۆکەکانیان، کامل بەرزنجی ڕوونی دەکاتەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، مەفرەزە گەڕۆکەکانمان لەناو کۆڵان و گەڕەکەکاندا بە شەو و ڕۆژ لە ئەرکدا دەبن بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ سەرقاڵی کاتەکانیان بن.
دەشڵێ، داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز دەکەین وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانی هێزەکانمان بن، لە کاتی بینینی هەر کارێکی گوماناوی یان نایاسایی، ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن.
"ئامانجی ئێمە تەنیا جێبەجێکردنی یاسا نییە، بەڵکو دابینکردنی ژینگەیەکی پڕ لە ئارامییە بۆ ئەوەی هەمووان بە شکۆوە ئەم مانگە پیرۆزە بەڕێ بکەن." بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وا دەڵێ.