ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ سێشەممە 3/3 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نەخۆشخانەی ماجیدی لە شاری هەولێر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی نەخۆشخانەکە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، هیوای خواست ئەم نەخۆشخانەیە کە بە باشترین شێوە ، خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات .
ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان؛
پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی هەولێری خۆشەویست دەكەم بە بۆنەی كردنەوەی نەخۆشخانەی ماجیدی كە بەڕاستی بە شێوازێكی زۆر پێشكەوتوو، بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی دروست كراوە.
دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد ماجیدی دەكەم وەك وەبەرهێنەرێك كە توانیویەتی ئەم نەخۆشخانەیە لێرە دروست بكات و بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان و هەموو ئەو خەڵكەی كە سەردانی كوردستانیش دەكەن.
هیوادارم كەس ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەگەر كەسێك پێویستیی پێی بوو، بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەم نەخۆشخانەیە لە ئاستێكی وا پێشكەوتوو و بە شێوازێكی زۆر زۆر رێكوپێك دروست كراوە كە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان بێت.
جارێكی تر دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد دەكەم، هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرانی كوردستان بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە كوردستان و بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان. هەر یەكێك لە كەرتێك و هەر یەكێك لەو بابەتە تایبەتانەی كە خۆیان كاری تێدا دەكەن.
ئەوەی من بینیم نەخۆشخانەیەكی یەكجار پێشكەوتووە، بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە، دڵنیام و گومانیشم لەوەدا نییە كە پزیشك و پەرستار و فەرمانبەری زۆر باشیشمان هەیە كە دەتوانن لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن.
جارێكی تر پیرۆزبایی لە هەموو لایەك دەكەم.
هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بە دوو سێ بابەتی گرنگیش بدەم كە پێموایە هەمووتان ئاگادارن، یەكێكیان ئەو گرژی و شەڕ و ئاڵۆزییەیە كە ناوچەكەی گرتووەتەوە. جێی داخە كە ناوچەكەمان بەم شێوازە ، دووچاری ئەم نەهامەتییە بووەتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەمەیە كە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، هەندێك لایەنی لەیاسا دەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان كردووەتە ئامانجی خۆیان، من سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم و دڵنیا بن كە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و كوردستانمان پارێزراو بێت و دوور بین لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك. هەوڵدەدەین كوردستان بەدوور بگرین لەم شەڕ و ئاژاوانەی كە لە ناوچەكەدا هەن و بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەستكەوتەكانی خۆمان. داواكارم خەڵكی كوردستان پابەندی رێنماییەكان بن و بە هەموو شێوەیەك خۆیان بپارێزن. هیوادارم ئەم ناخۆشییانە بە زوویی بەرەو تەواو بوون بڕۆن و ئاسایش و سەقامگیری جێگەی شەڕ و گرژی و توندوتیژی بگرێتەوە.
..سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پشوودرێژییان، بە تایبەتی كە دەبینین لەم ماوەیەی رابردوو، زۆر گرفتی جۆراوجۆریان رووبەڕوو بووەتەوە، بابەتی بێمووچەیی یان دواكەوتنی مووچە كە دیسان ئەمە بابەتێكە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە. ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە و داواش دەكەین حكوومەتی فیدرالیش پابەندییەكانی خۆیان بەرامبەر بە شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكەن.
لە لایەكی ترەوە، ئێمە هەوڵێكی جددیمان دا بۆ ئەوەی لە پرۆژەی رووناكی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەموو كوردستان دابین بكەین كە لەم ساڵەدا بەڵێنی ئەوەمان دابوو و لەسەر بەڵێنی خۆمانین كارەبای 24 كاتژمێری هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دێهاتەكانی كوردستانیش بگرێتەوە، ئەم بەڵێنەمان بەردەوامە و ئینشائەڵا جێبەجێشی دەكەین. بەڵام دوای ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی كە دروست بووە و دوای ئەو پەلامارانەی كە كراونەتە سەر كێڵگەكانی نەوت و غاز، هەندێك لە كۆمپانیاكان بۆ خۆپارێزی، بەرهەمەكانی خۆیان كەم كردووەتەوە كە بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمەش شتێكی كاتییە. هیوادارین بارودۆخەكە بەرەو ئاسایی بگەڕێتەوە. هیوادارم خەڵكی ئێمە پشوو درێژ بن و تێبگەن كە ئەم شتەی رووی داوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كەمترین زیان بەر خەڵكی كوردستان بكەوێت و ئینشائەڵا ئاسایش و سەقامگیری جارێكی تر بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و هەموو ناوچەكەش بگرێتەوە.
داوا لە حكوومەتی فیدرال دەكەین كە رێگە بەم تیرۆریستە لەیاسا دەرچوانە نەدەن كە چیتر پەلاماری كوردستان بدەن، چونكە ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین.
جارێكی تر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە حاجی ئەحمەد و لە خەڵكی كوردستان و شاری هەولێر دەكەم، دەستخۆشی لە پزیشكەكان و فەرمانبەران دەكەم بۆ ئەم كارە ناوازەیەی كە لێرە كردوویانە. هەر سەركەوتوو بن، پیرۆزە لە هەمووتان، كوردستانمان ئینشائەڵا هەر پارێزراو و ئاوەدان بێت.