هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری خودالێخۆشبوو حەمید مەجید مووسا و هەڤاڵ و هاوڕێیانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان دەکات.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەداخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێکۆشەری دێرینی عێراق و سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان (حەمید مەجید موسا)ـمان پێ گەیشت. حەمید مەجید مووسا ڕۆڵێکی کارای لە خەباتی گەلانی عێراق دژ بە دیکتاتۆری و ستەمکاری و گەییشتن بە ئازادی و دیموکراسی گێڕاوە و یەکێک لەو کەسایەتییە سیاسییانەی عێراقی بوو کە ھاوسۆز و پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بوو.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو حەمید مەجید مووسا و ھەڤاڵ و ھاوڕێیانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای مەزن داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەھەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە ھەموو لایەک ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦