سۆران-KDP.info- بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی (١٥) ساڵەی دامەزراندنی (KDP.info) دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کار و چالاکییەکانی (KDP.info) جێگەی بایەخی ئێمەیە و وەک پردێکی بەهێز و متمانەپێکراوی نێوان حزب و جەماوەر ڕۆڵی کارای گێڕاوە.
دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی بەرپرسی لقی ١٠ـی سۆران:
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و کادیر و کارمەندانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەبۆنەی تێپەڕبوونی (١٥) ساڵ بەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیمان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و سەرکردایەتی و تەواوی کادیر و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم.
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) لە ماوەی پازدە ساڵی تەمەنیدا، نەک تەنها وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بەڵکو وەک پردێکی بەهێز و متمانەپێکراوی نێوان حزب و جەماوەر ڕۆڵی کارای گێڕاوە. ئەم ماڵپەڕە توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەکی فەرمی و ڕاستگۆ بۆ گەیاندنی سیاسەتەکانی پارتی، پاراستنی مێژووی خەبات و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بڕیارە نیشتمانییەکان بە شێوەیەکی خێرا و سەردەمیانە.
ئێمە لە لقی ١٠، وێڕای دەستخۆشی بۆ ماندووبوونتان، جەخت لەوە دەکەینەوە کە کار و چالاکییەکانتان لە ڕێگەی بەنوێبوونەوەی بەردەوام و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک، جێگەی بایەخی ئێمەیە. هیوادارین هەمیشە وەک سەرچاوەی یەکەمی متمانەی جەماوەر بمێننەوە و لە گەشەکردنی بەردەوامدا بن.
دووبارە پیرۆز بێت و هەمیشە لە سەرکەوتن بن.
بڵند ئیسماعیل
بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦