هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ١٥ ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، دکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی ماڵپەڕ دەکات.
دەقی بروسکەی پیرۆزباییەکەی دکتۆر هێمن هەورامی:
بۆ بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info)
بەبۆنەی یادی ١٥ ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هەڤاڵان و ستافی ماڵپەڕ دەکەین.
لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، (KDP.info) بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە ئەرکی بڵاوکردنەوەی پەیام، هەواڵ و ڕووماڵە سیاسییەکانی گرتووەتە ئەستۆ. لە جیهانی ئەمڕۆدا، پاراستنی هاوسەنگیی وردی ڕۆژنامەوانی زۆر گرنگە، دەستخۆشیتان لێ دەکەین کە لە پێناو زیادکردنی بینەردا، بنەماکانی ڕاستگۆیی و بابەتیبوونی میدیاییتان لەدەست نەداوە.
لەگەڵ ئەم یادەدا، هیوادارم هەنگاوی نوێ بنێن بۆ پێداچوونەوە بە شێوازی دیزاین و فراوانترکردنی ناوەڕۆک لە پلاتفۆرمە جیاجیاکاندا. پێویستە (KDP.info) هەمیشە وەک سەرچاوەی یەکەمی زانیاری و گەیاندنی ڕوانگەی فەرمیی پارتی بە زمانە جیاوازەکان بمێنێتەوە.
داواکارین لە قۆناغی داهاتوودا، بایەخی زیاتر بە ژانرە جیاوازەکانی ڕۆژنامەوانی بدەن، وەک: چاوپێکەوتنی قووڵ، توێژینەوەی زانستی، ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری، دیبەیت و پۆدکاست، تاوەکو کاریگەریی میدیاییتان فراوانتر و بەردەوام بێت.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
دکتۆر هێمن هەورامی
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ـی ٢ـی ٢٠٢٦