ھەولێر-KDP. info- گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی %20ـی سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆی درێژکردەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لێخۆشبوونی %20ـی سزاکانی سەرپێچیی هاتوچۆ تاوەکوو 30 حوزەیرانی 2026 درێژبکاتەوە.
گوتیشی: لە 23ـی ئەم مانگەوە نووسراوی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوومان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە.
یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، پەیوەست بوو بە چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەمەش شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە روونیکردەوە، چاکسازییەکان هەنگاوی باشی بڕیوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر رەوتێکی دروست قۆناخەکانی دەبڕێت.
لەلایەن خۆیەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە کراوە کە داهاتی ناوخۆ فشارێکی زۆری لەسەرەو بە رێژەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، بە تایبەت داهاتی گومرگەکان بە رێژەی %60 کەم بووەتەوە.
پێشەوا هەورامانی لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، گوتی: لەگەڵ حکوومەتی ئێستای فیدراڵ تەنیا دەتوانین لەبارەی مووچەوە گفتوگۆ بکەین، بەڵام لە داهاتوودا حکوومەتی نوێی فیدراڵ پێکبهێنرێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بەشە بودجە و شایستە داراییەکان گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات، چونکە مافی ساڵانەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا 22 ترلیۆن دینارە، دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ، ئێمە داوای ئەم مافە داراییەی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان ساڵانە تەنیا بۆ پێدانی مووچە پێویستی بە 14 ترلیۆن دینارە.
دەشڵێت، لە کاتەدا بڕیار نییە هیچ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، بەڵام بە حکوومەتی فیدراڵمان گوتووە، بۆ یەکلاکردنەوەی باسی داهاتە نانەوتییەکان، هەر کاتێک ئێوە ئامادەبوون، ئەو کاتە شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی روونکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان ئامادەیە.
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، پێشەوا هەورامانی گوتی: هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەگوێرە رێککەوتنەکان بەردەوامە و لیستی مووچە و داواکاری ناردنی مووچەش رەوانەی بەغدا کراوە و هەر چ رێکارێکی دیکەش پێویستی بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و جێبەجێی دەکات.