ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە و تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا و پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانی کرد بە سەرۆکایەتی جیزا ئەندریاس ڤۆن گەیر بریکاری وەزارەتی دەرەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دانیال کرێبەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاری ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم ئاڵوگۆڕ کرا.