خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی "دژی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق لەبارەی بەقەزابوونی قەرەتەپە و جەلەولا، سبەی لە خانەقین مانگرتنی سەرتاسەری ڕادەگەیندرێت و فەرمانگە حکوومی و شوێنە گشتییەکان دادەخرێن و مانگرتن دەستپێدەکات."
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "بڕیاری بەقەزابوونی قەرەتەپە و جەلەولا لەبنەڕەتدا نایاسایی و نادەستورییە، لەبەر ئەوەی ھەردوو قەرەتەپە پار بڕیاری بەقەزابوونی دەرچوو، ھیچ مەرجی قەزای تێدا نەبوو و ئەوەی ئەم چەند ڕۆژەش کە جەلەولاش بکرێتە قەزا، ئەویش پێچەوانەی یاسا و دەستورە، چونکە ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن و پێویستە بەپێی ماددەی ١٤٠ چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە،
لەساڵی ٢٠٠٧وە تا ئێستا نەکراوە، ئێستاش چاومان لەوەیە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، ناکرێت بەغدا تاکلایەنە ئەو بڕیارە بدات، بۆیە ڕەتی دەکەینەوە، هاوکات دابڕینی ئەو ناحیانەیە لە خانەقین، کە خانەقین یەکێکە لەقەزا گەورە و دێرینەکان و دووەم گەورەترین قەزایە لە عێراق، ئێستا وای لێ دەکەن خانەقین ببێتە بچووکترین قەزا و ناحیەی بەسەرەوا نەمێنێت، گەر ئەو بڕیارەش سەر بگرێت بڕیاری دیکەی بەدواوە دێت."
ئەکبەر حەیدەر گوتیشی "بۆ ڕێگرتن لەو بڕیارە، دوێنێ حزبە کوردستانییەکان کۆبووینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی بکەین، بۆیە سبەی مانگرتنی سەرتاسەری لە خانەقین ڕادەگەیەنین و ھەموو شوێن و فەرمانگەکان دەوام ناکەن و مان دەگرن، سبەی بەپێی ڕێکاری یاسایی مانگرتن لە خانەقین دەست پێدەکات، ھەر لەم دووسێ ڕۆژە جارێکی دیکە حزبە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە و داوای یەکدەنگی کورد دەکەین بۆ ئەوەی ھەڵوێستێکی جدی بەرامبەر ئەو بڕیارە وەربگیرێت."
بڵند ئیبراھیم