دھۆک-KDP.info- دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، ڕایدەگەیەنێت کە بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز پڕۆژەیەکی بەرفراوانیان بەناوی (بەھاری خێر و دلۆڤانی) ڕاگەیاندووە و دەشڵێ، تاوەکو ئێستا بە سەدان پزیشک و ناوەندی تەندروستی بەشدارییان تێدا کردووە و پڕۆژەکە بەردەوام لە فراوانبووندایە."
دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەم پڕۆژەیە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک و سەندیکای تەندروستی بەڕێوە دەچێت. تەنها لەمساڵدا (١٥٠) پزیشکی گشتی، (١٤٤) پزیشکی ددان، (٤٢) پزیشکی دەرمانساز و (٥٠) کارمەندی تەندروستی، لەگەڵ (١١) نەخۆشخانەی تایبەت، (٩) تاقیگە و (٨) سەنتەری تیشک بەشدارییان کردووە و داشکاندنی بەرچاو بۆ نەخۆشان ئەنجام دەدەن."
بەرپرسی لقی یەک تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی پڕۆژەکە لە ساڵی ڕابردوودا و ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵی پار زیاتر لە ١٤ هەزار کەس سوودمەند بوون و بڕی زیاتر لە یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار لە ڕێگەی داشکاندنی پزیشکی و تاقیگەکانەوە بۆ خەڵک گەڕاوەتەوە. هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کەرتی تایبەت ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە دابەشکردنی ١٢ هەزار و ١٠٠ سەبەتەی خۆراک و نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانە."
دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا گوتیشی، "پڕۆژەی (بەھاری خێر و دلۆڤانی) تەنها لایەنی تەندروستی ناگرێتەوە، بەڵکو (١٥) خواردنگە و (١٢) مارکێت و (٦) شوێنی شیرەمەنی بەشدارن لە دابینکردنی ژەمی فتارە و پێداویستییەکان، ئۆتۆمبێلی گەڕۆکیشمان هەیە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بەسەر هاووڵاتییاندا."
بڵند ئیبراھیم