قوباد ئارەش
ماستەر لە زانستە سیاسییەکان
لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر لە لێواری کارەساتێکی مرۆیی و جیۆپۆلیتیکی گەورەدا بوو. گۆڕەپانی سووریا کە دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد ڕووی لە ئارامییەکی نسبی کردبوو، لەناکاو بووەوە بە ناوەندی نوێی گرژییەکان. حکوومەتی نوێی دیمەشق بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد شەرع کە هێشتا مانگەکانی سەرەتای جێگیرکردنی دەسەڵاتەکەی تێنەپەڕاندبوو، بە گرتنەبەری ڕێبازێکی سەربازییانە و پەنابردن بۆ مانیفێستی ئیسلامگەرایی توندڕەو، بەرەو ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا کەوتە ڕێ. ئامانجی ڕاگەیەندراو، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی خاکی سووریا و کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەری بوو، بەڵام ئەوەی لە مەیدانەکەدا ڕوویدا، بۆنی جەنگێکی گشتگیری دژی کورد لێ دەهات.
پێکدادانەکان لە دەوروبەری حەلەبەوە دەستیان پێکرد. گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە ساڵانێک سیمبولی بەرگریی کورد بوون لە بەرامبەر گرووپە توندڕەوەکان، کەوتنە ژێر ئاگری قورسی هێزەکانی حکوومەت. هاوکات، کاروانە سەربازییەکان بەرەو پارێزگای حەسەکە و دواتر بەرەو کۆبانی، ئەو شارە ئەفسانەییەی کورد، بەڕێکەوتن. کوردانی سووریا کە لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموكرات خۆیان ڕێکخستبوو، بە هەموو توانایانەوە ڕووبەڕوو بوونەوە، بەڵام زوو تێگەیشتن کە لەم جەنگەدا نەک هەر لە ڕووی پڕچەککردن و باڵادەستیی سەربازییەوە هاوسەنگییان لەگەڵ نەیارەکەیان نییە، بەڵکو زۆرێک لە هاوپەیمانە عەرەبەکانیشیان یان بێدەنگ بوون یان چوونەتە ڕیزی دیمەشقەوە.
لە ناوەڕاستی ئەم جەنگەدا، ڕۆحی بەرگریی کورد بەهۆی سووکایەتییە سیمبولییەکانی ئیسلامگەرایانی توندڕەوی سەر بە ئەحمەد شەرع بریندار کرا. کادیرێکی سەربازیی دیمەشق کە لە ڕیزەکانی گرووپی ڕادیکاڵی (تەحریرولشام)ـەوە چووبووە ناو سوپای نیشتمانیی شەرع، دوای شەهیدکردنی کچە شەڕڤانێکی کورد، قژە تاتراوەکانی بڕی و سووکایەتی بە ژنان و کچانی کورد کرد. ئەم کارە لە ناوەڕاستی شەڕ و خوێندا، هەستی نەتەوایەتیی کوردی هەژاند و زوو بووە هۆی بزووتنەوەی مەدەنی و خۆپیشاندانی شەقام لە عێراقەوە تا سووریا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەورووپا. کەمپەینی پشتیوانی بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارە کوردەکانی سووریا دەستی پێکرد؛ لە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە تا تەلەفزیۆنەکانی ڕووداو، کوردستان ٢٤ و ئاڤا میدیا لە هەولێر، و کوردسات و کەناڵ ٨ لە سلێمانی.
لەو نێوەندەدا شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک شایەدی خۆپیشاندانی گەورە بوون. خەڵکی کوردستانی عێراق کە خۆیان ساڵانێکە ئاشنای چەمکی تێکۆشان بۆ مافەکانیانن، نەدەکرا لە بەرامبەر سەرکوتکردنی کوردانی سووریا بێدەنگ بن. کەشێکی پڕ لە تووڕەیی و هاوپشتی دروست بوو. بەڵام ئەم جۆش و خرۆشە جەماوەرییە لایەنێکی تاریکیشی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو کە گۆڕەپانی جەنگ لە بەرژەوەندیی کورداندا نەبوو، ئەگەر سەرکردایەتیی سیاسی دەستبەکار نەبوایە، قەیرانەکە دەیتوانی بە خێرایی کێشەی ناوخۆیی لە هەرێمیش لێ بکەوێتەوە.
لە وەها بارودۆخێکی قەیراناویدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسپێشخەرییەکەی گرتە دەست. ئەو کە ساڵانێک ئەزموونی سیاسەتکردنی لە عێراقدا هەبوو (وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین ناوەندەکانی هاوکێشە و ململانێی ناوچەکە)، بە باشی دەیزانی کە دروشم و هەستوسۆز و کارە سیمبولییەکان بە تەنیا ناتوانن ڕێگری لە پێشڕەویی هێزە چەکدارەکان بەرەو کۆبانی بکەن. دەیزانی لەم کایە کوشندەیەدا، تەنیا ڕێگەچارەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی دەتوانێت ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی و سەربازی بکات. بارزانی هەرێمی کوردستانی لە “تەماشاکارێکی نیگەران”ـەوە گۆڕی بۆ ئەکتەرێکی چالاک و نێوەندگیر.
هەنگاوی یەکەمی، دروستکردنی هێڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بوو لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕکەر. ئەو نەک هەر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە مێژوویەکی نزیکی لەگەڵ هەبوو پەیوەندی گرت، بەڵکو هێڵی پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشقیش کردەوە. ئەم کارە لە ڕواڵەتدا سادە دەهاتە بەرچاو، بەڵام لە بارودۆخێکدا کە هەردوولا یەکتریان بە “بەکرێگیراو” و “سەربە هێزە بیانییەکان” تۆمەتبار دەکرد، هەبوونی کەسایەتییەکی میانڕەو و نێوەندگیر کە بتوانێت بێ پێشوەختە لەگەڵ هەردوولا بدوێت، سەرمایەیەکی ستراتیژی بوو.
نێچیرڤان بارزانی لەم پەیوەندییانەدا، دەستی خستە سەر خاڵێکی سەرەکی: “داهاتووی سووریا”. بە ئەحمەد شەرعی وەبیرهێنایەوە کە کورد بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەی دیمۆگرافی و مێژوویی ئەو وڵاتە و هەر هەوڵێک بۆ سڕینەوە یان سەرکوتکردنیان، نەک هەر نابێتە هۆی ئاشتییەکی بەردەوام، بەڵکو سووریا بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی تری درێژخایەن دەبات کە تەنیا سوودەکەی بۆ دوژمنە هاوبەشەکان واتە پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکان دەبێت. لە لایەکی تریشەوە، جەختی لەسەر سەرکردە کوردەکانی سووریا کردەوە کە قۆناغی دوای ئەسەد، قۆناغی جێگیربوونە و کورد بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی، پێویستی بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی واقیعی و گفتوگۆیە لەگەڵ دیمەشق، نەک ڕووبەڕووبوونەوەی گشتگیر.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاوێژە پشت پەردانە، بارزانی گۆڕەپانی گشتیی فەرامۆش نەکرد. لە ١٦ی کانوونی دووەمدا، هەولێر میوانداریی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی کرد. سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی کرد. ئەم دیدارە کە وێنەکانی لە هەموو میدیا کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکرایەوە، پەیامێکی ڕوونی بۆ هەمووان هەبوو: سەرکردە کوردەکانی عێراق سەرەڕای هەموو جیاوازییە مێژووییەکان، لە پشتیوانیی کوردانی سووریا یەکدەنگن. ئەم نیشاندانی یەکڕیزییە، کێشی سیاسیی کوردانی لە دانوستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد.
بەڵام ڕۆڵی سەرەکیی نێچیرڤان بارزانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بینرا. ئەو بە باشی دەیزانی چارەسەری قەیرانی سووریا بێ ئامادەیی و هاوکاریی ئەکتەرە جیهانی و ناوچەییەکان مەحاڵە. بە بەکارهێنانی پێگەی دیپلۆماسیی هەرێم، لەگەڵ نێردەکانی ئەمریکا، فەرەنسا، یەکێتیی ئەورووپا و هەروەها بەرپرسانی تورکیا و ئیمارات کەوتە ڕاوێژ. ڕێبازەکەی زۆر زیرەکانە بوو؛ لەبری ڕووبەڕووبوونەوە، جەختی لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردەوە. بە تورکیای وەبیرهێنایەوە کە بەردەوامیی پێکدادانەکان لە باکووری سووریا، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە سنوورە باشوورییەکانی ئەو وڵاتە و بەهێزبوونی میلیشیا چەکدارەکان. بە ئەمریکییەکانیشی گوت کە ئاگری جەنگ لە سووریا، تەنیا لە بەرژەوەندیی ڕکابەرەکانی ئەمریکا و پاشماوەکانی بەشار ئەسەددایە و هەوڵەکانی ئەوان بۆ جێگیرکردنی ناوچەکە لەبار دەبات.
بەرهەمی ئەم کۆبوونەوە و ڕاوێژانە، لە مەیدانی جەنگیشدا ڕەنگی دایەوە. پێکدادانە قورسەکان کە تا لێواری کۆبانی ڕۆیشتبوون، داکەوتن. هەواڵی ئەوە گەیشت کە هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی چوار ڕۆژە ڕێککەوتوون. ئەم ئاگربەستە، هەناسەیەکی ئاسوودەیی بوو بۆ هەزاران هاووڵاتی کە لە ژێرزەمین، قوتابخانە، مزگەوت و یاریگاکاندا پەنایان گرتبوو. دواتر ئەم ئاگربەستە درێژکرایەوە و لە کۆتاییدا لە ٢٩ی کانوونی دووەمدا بوو بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیرتر. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕازی بوون لە ناوەندە حکوومییەکانی سووریادا تێکەڵ بکرێن و دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکەن. لە بەرامبەردا، حکوومەتی دیمەشق پابەند بوو کە مافە کولتووری و کارگێڕییەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستووری داهاتوودا بناسێنێت و لە هەر جۆرە کارێکی تۆڵەسەندنەوە دژیان دوور بکەوێتەوە.
یەکێک لە ئەنجامە دەستبەجێ و چارەنووسسازەکانی ئەم ڕێککەوتنە، پرسی زیندانیانی داعش بوو. هەزاران ئەندامی ئەم گرووپە تیرۆریستییە کە لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورداندا بوون، لە سایەی پەرەسەندنی شەڕەکاندا، ببوونە بۆمبی چێنراو. بە دروستبوونی سەقامگیریی نسبی و هەماهەنگی لە نێوان ئەحمەد شەرع، مهزڵوم عەبدی، تۆم باراک و سوودانی، دەرفەتی گواستنەوەی بەشێکی زۆری ئەم زیندانیانە بۆ عێراق ڕەخسا. ئەم هەنگاوە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان هەژمار کرا و ڕۆڵی بونیاتنەرانەی نێوەندگیرە کوردەکە، نێچیرڤان بارزانی، زیاتر دەرخست
ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لەم قەیرانەدا، لە نێوەندگیرییەکی سادە زیاتر بوو. ئەو توانی لە ساتەوەختێکی مێژوویی زۆر هەستیاردا، سەرمایەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان وەک ئامرازێک بۆ ئاشتی و گوشار بەکاربهێنێت. ئەو نیشانی دا کە کورد بەدوای پێگەیەکی شایستەدا دەگەڕێت لە نەزمی نوێی ناوچەکەدا. کارەکانی ڕێگری کرد لەوەی کۆبانی، ئەو سیمبولەی بەرگری لە دژی تیرۆر، جارێکی تر ببێتەوە بە گۆڕەپانی جەنگێکی وێرانکەر و ئاگری جیاوازییە نەتەوەییەکان تەواوی ناوچەکە بسووتێنێت.
بێگومان ڕێگەی بەردەم هێشتا دوور و پڕ لە هەوراز و نشێوە. داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا و مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد تێیدا، پێویستی بە کات و دانوستانی قورسترە. بەڵام ئەوەی لە کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠٢٦دا ڕوویدا، سەلماندی کە دیپلۆماسی دەتوانێت سەرکەوێت، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە ڕاهاتووە کێشەکان بە هێز چارەسەر بکات. بەشێکی ئەم سەرکەوتنە قەرزاری ژیری و دووربینیی پیاوێک بوو کە پێی باش بوو هێزی گفتوگۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان بەکاربهێنێت. نێچیرڤان بارزانی بەم ڕۆڵگێڕانە، هەرێمی کوردستانی وەک ئەکتەرێکی ئەرێنی و کاریگەر لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناساند. بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ڕۆڵگێڕانی نێچیرڤان بارزانی لە قەیرانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ی سووریا، دەبێت وردتر و دیپلۆماسییە چالاکەکەی لەگەڵ سێ ئەکتەری سەرەکیی نێودەوڵەتی واتە فەرەنسا، ئەمریکا و تورکیا لێک بدەینەوە. ئەم کارلێکانە، تۆڕێک لە پەیوەندییان دروست کرد کە لە کۆتاییدا بووە هۆی دامرکاندنەوەی قەیرانەکە و ڕێگری لە کەوتنی کۆبانی.
پاریس، واشنتۆن و ئەنقەرە، پشتیوانانی پڕۆژەی ئاشتیی نێچیرڤان
پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ فەرەنسا، وەک یەکێک لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتێک کە هەمیشە ڕۆڵێکی چالاکی لە گۆڕانکارییەکانی کوردستان و سووریادا هەبووە، ئەگەرچی لە ڕابردوودا زۆر باش بوو، بەڵام لەم قۆناغە قەیراناوییەدا گەیشتە لووتکە. گرنگترین ڕووداو لەم بوارەدا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە ڕێککەوتی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا. ئەم پەیوەندییە لە لووتکەی پێکدادانەکاندا نیشانەی پێگەی تایبەتی هەولێر بوو لە ناو هاوکێشەکانی پاریسدا. لەم گفتوگۆیەدا، هەردوولا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە ناسەقامگیری و پێکدادانەکان لە سووریا، جەختیان لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە کردەوە. خاڵێکی زۆر گرنگ، ستایشی ڕاشکاوانەی ئیمانوێل ماکرۆن بوو بۆ ڕۆڵ و هەوڵە نێوەندگیرانەکانی نێچیرڤان بارزانی. سەرۆککۆماری فەرەنسا بە فەرمی سوپاسی چالاکییەکانی بارزانی کرد بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی سووریا و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری قەیرانەکە.
بەڵام ئەم ئاستە لە هاوکاری تەنیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا نەمایەوە. لە ٥ی شوباتی ٢٠٢٦دا، تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەو پەیوەندییە، نێچیرڤان بارزانی میوانداریی ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسای کرد لە هەولێر. دانوستانەکانیان جارێکی تر جەختی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لەسەر “بارودۆخی کورد و پێکهاتەکانی تر لە سووریا” کردەوە. بەردەوامیی ئەم گفتوگۆیانە لە بەرزترین ئاستدا، نیشانی دا کە فەرەنسا، بارزانی نەک هەر وەک نێوەندگیرێکی جێی متمانە، بەڵکو وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ بەدواداچوون و جێگیرکردنی ڕێککەوتنەکانی داهاتوو لە سووریا دەبینێت.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆڵی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی مێژوویی کورد و هێزێکی خاوەن هەژموونی بڕیاردەر لە گۆڕەپانی سووریادا، بۆ هەر جۆرە چارەسەرێک زۆر گرنگ بوو. نێچیرڤان بارزانی هەماهەنگییەکی نزیکی لەگەڵ واشنتۆن دروست کرد. لە هەمان ڕۆژی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا کە لەگەڵ ماکرۆن گفتوگۆی کرد، بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و شاندێکی هاوڕێی کرد.
تەوەری ئەم گفتوگۆیانە، “بارودۆخی ئێستای سووریا و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان” بوو و هەردوولا لەسەر پێویستیی هاوکاری بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە ڕێککەوتن. ئامادەبوونی هاوکاتی نێردەی تایبەتی سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا لەم دیدارەدا، زۆر مانادار بوو. ئەمە نیشانی دەدا کە بارزانی خەریکی گێڕانی ڕۆڵی هەماهەنگیکەرێکی ناوچەییە و هەوڵ دەدات نیگەرانییەکانی ئەنقەرەش لە ڕێگەی ئەمریکییەکانەوە بخاتە ناو پرۆسەی دیپلۆماسییەوە. ئەم دیدارە بەشێک بوو لە هەوڵێکی هەماهەنگ کە لە هەمان ڕێککەوتدا، بە میوانداریی سەرۆک مەسعود بارزانی لە مەزڵووم عەبدی و نێردە ئەمریکییەکان هاوڕێ بوو و هەولێری کردە چەقی دیپلۆماسیی قەیرانی سووریا. ڕەنگە هەستیارترین و ئاڵۆزترین لایەنی ڕۆڵگێڕانی نێچیرڤان بارزانی، بەڕێوەبردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بووبێت. ئەنقەرە هەمیشە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک بەهۆی پەیوەندیی ئەم هێزە لەگەڵ پەکەکە، بە هێڵی سووری خۆی دەزانی. بارزانی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لەم هەستیارییە، ڕێبازێکی زۆر ورد و ناڕاستەوخۆی گرتە بەر.
ئەو نەک لە بەیاننامەکاندا، بەڵکو لە کارکردەکانیدا نیشانی دا کە چارەسەری قەیرانی سووریا دەبێت بە جۆرێک بێت کە ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاش دابین بکات. یەکێک لە بەڵگە سەرەکییەکانی ئەم ڕێبازە، پێشوازیکردنی بوو لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە ئەنقەرە. بارزانی بەم کارە، بە کردەوە کەناڵێکی ناڕاستەوخۆ بەڵام کاریگەری بۆ گواستنەوەی تێڕوانین و نیگەرانییەکانی تورکیا بۆ لایەنە کوردەکان و دیمەشق دروست کرد.
جگە لەمە، لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەو ماوەیەدا، ستایشی ڕۆڵی “بونیاتنەرانەی” تورکیای کرد لە پشتگیریکردنی ڕێککەوتنی ههسهده و دیمەشق. ئەم لێدوانانە، جووڵەیەکی دیپلۆماسیی زیرەکانە بوو. بارزانی بەم کارە وێڕای سوپاسکردنی ئەنقەرە، بە تورکیای دەگەیاند کە لە ناوەڕاستی ململانێی ئەمریکا و ئێران و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژئاوای تورکیا، ڕێککەوتنێکی سیاسی لە سووریا، لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیادایە. کاریگەریی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، لە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە شوباتی ٢٠٢٦دا دەرکەوت.
نێچیرڤان بارزانی کە لە یەکێک لە هۆڵەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەزڵووم کۆبانی و ئیلهام ئەحمەد، فەرماندەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن خستە گفتوگۆوە، لە هۆڵێکی تری ئەم کۆنفرانسە جیهانییەدا، لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕووبەڕوو دانیشت. ئەم دیدارە کە تا چەند کاتژمێرێک پێشتر بە مەحاڵ دەهاتە بەرچاو، بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە بەڕێوەبردنی قەیرانی سووریادا. شەیبانی لەم دیدارەدا، بە ڕاشکاوی سوپاسی ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاسانکاریی ڕێگەکە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی. دانی بەوەدا نا کە نێوەندگیرییەکانی نێچیرڤان بارزانی، یارمەتیی هەردوولای داوە تا لە هەڵوێستە توندەکانیان پاشەکشە بکەن و بیر لە بەرژەوەندییە نیشتمانییە درێژخایەنەکانی سووریا بکەنەوە.
بە کورتی، نێچیرڤان بارزانی لە قەیرانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، دیپلۆماسییەکی چەند ڕەهەندی و هەماهەنگی ڕێبەری کرد. لەگەڵ فەرەنسا، وەک هاوبەشێکی ئەورووپی و پشتیوانی مافەکانی کورد، ڕاستەوخۆ لەسەر گەرەنتییە دەستوورییەکان ڕاوێژی کرد. لەگەڵ ئەمریکا، وەک هەماهەنگیکەری سەرەکیی گۆڕەپانی سووریا، چووە ناو هاوکارییەکی چڕ بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە و لە کۆتاییدا، لەگەڵ تورکیا، بەوپەڕی زیرەکییەوە و لە ڕێگەی کەناڵە گونجاوەکانەوە، ڕێگەیەکی دیزاین کرد کە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ داخوازییەکانی کورد لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا ئاشت بکاتەوە. ئەم سێگۆشە دیپلۆماسییە، مەتەڵێکی ئاڵۆز بوو کە بارزانی توانی کۆدەکانی بکاتەوە و ڕێگە بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو خۆش بکات.