هەولێر-KDP.info- دوای گەیشتنی کاروانی هاوکارییەکان بۆ ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پڕۆسەی دابەشکردنی کۆمەکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، کە تێیدا هەزاران خێزانی ئاوارە و کەسانی شایستە لێی سوودمەند بوون.
دوای گەیشتنی کاروانی کۆمەک و ھاوکاریەکان کە لە چوارچێوەی کەمپینی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان ئامادە کرابوون، لەماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا لە ڕێی تیمە ھاوبەشەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری کوردی تەواوی ھاوکاریەکان بەسەر ئاوارەکان و خەڵکانی شایستە دابەشکران.
شایەنی باسە ھاوکاریەکان پێکھاتوون لە ( ٨٩١٠ ) ھەشت ھەزار نۆ سەد و دە پاکێجی خواردن لە ڕێگای ( ٢٧ ) بارھەڵگرەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کران و دوای گەیشتنیان بەسەر شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دابەشکران، بەجۆرێک ( ١٦ ) بارھەڵگر لە شاری عامودا کە پێکھاتبوو لە ( ٥٢٨٠ ) پاکێج و ( ٩ ) بارھەڵگر لە شاری قامیشلۆ کە پێکھاتبوو لە ( ٢٩٧٠ ) پاکێج و دوو بارھەڵگر لە شاری دێرک کە پێکھاتبوو لە ( ٦٦٠) پاکێجی خواردن دابەش کران.

