هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کشتوکاڵ مژدەی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن تۆن گەنم بە جووتیاران دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە تەنیا تا کۆتایی ئەم مانگە دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی جووتیاران ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی گەنم تۆمار بکەن.
د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند: "ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری باران باریوە و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ هەبووە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ساڵی ڕابردوو کێشەی بارانبارینیان هەبوو."
د. زێدا ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی ڕابردوو لە هەندێک ناوچە نیمچە وشکەساڵی بوو، بەڵام ئەمساڵ ڕەوشەکە جیاوازە و گوتی: "پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنمی ناوخۆ بگاتە حەوتسەد هەزار تا یەک ملیۆن تۆن."
سەبارەت بە پلانی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان، ناوبراو ڕایگەیاند: "پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی ئەو جووتیارانەی گەنمیان چاندووە بەردەوامە و تا کۆتایی ئەم مانگە (شوبات) دوا وادە دەبێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕێکخستنی پلانی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم لە وەرزی دروێنەدا."
قائید میرۆ