ھەولێر-KDP.info- د. کاوە مەحموود، سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئەو بارودۆخە "شۆڕشگێڕییە"ی کە سەرانسەری کوردستانی گرتووەتەوە و باس لە ڕۆڵی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەکات لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی.
د. کاوە مەحموود ڕایگەیاند، "ئەوەی ئێستا لە سەرانسەری کوردستان دەگوزەرێت، قۆناغێکی چۆنایەتی و حاڵەتێکی شۆڕشگێڕییە. کرۆکی ئەم هەموارە نوێیە لە دەوری پرسیاری (ئێمە کێین؟) دەسوڕێتەوە. گەلی کورد لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا پێناسەی نەتەوەیی خۆی لەسەر شەقامەکان کرد و سەلەماندی کە شوناسی کوردستانی شوناسێکی زیندووە و بەرهەمی مۆدێرنیتەیەکی جەماوەرییە."
سەبارەت بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە ڕۆژئاوا، د. کاوە گوتی، "ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەوەدا دەرکەوت کە چۆن لە شاندە سەرەکییەکاندا ڕووبەڕووی ئەمریکییەکان بووەوە. پێکهاتەی شاندە کوردییەکە و بەشداریی ئافرەت تێیدا، پەیامێکی ڕوون بوو بۆ جیهان کە دۆزی کورد لە هەر شوێنێک بێت، یەک دۆزی کوردستانە و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانیش یەک ئاسایشی دانەبڕاوە."
د. کاوە مەحموود ئاماژەی بە وەڵامێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هەمان ئەو پرسیارەی کە (ئێمە کێین؟) لە کاک مەسروور بارزانی کرا و ئەویش زۆر بە ڕاشکاوی وەڵامی دایەوە و گوتی، (من کوردم). ئەم وەڵامە تەنها دەربڕینێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵانە بوو کە دەیانەوێت شوناسی کوردستانی تەڵخ بکەن. ئەم شوناسە مۆدێرنە دەبێت بەسەر شوناسە لۆکاڵی و عەشایەری و ناوچەییەکاندا زاڵ بێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو سیاسەتمەدارە جەختی کردەوە کە ئەم قۆناغە پێویستی بە پاراستن هەیە: "ئەرکی ڕۆشنبیرانە کار لەسەر هزری ئەم شوناسە بکەن، و ئەرکی دەسەڵات و حزبە سیاسییەکانیشە کە کار بۆ دروستکردنی تەوافقێکی نیشتمانیی کوردستانی بکەن، بۆ ئەوەی پانتایی گشتی فراوانتر بێت."
قائید میرۆ