هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە بەهۆی سەقامگیریی ئەمنی و بوونی زیاتر لە 6 هەزار پێگەی مێژوویی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ زۆرترین تیمی بیانی بێنە هەرێم.
محەمەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "هۆکاری ڕووکردنی تیمە شوێنەوارییە بیانییەکان بۆ هەرێم، بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە، یەکەم، ئەو ئەمنییەتە بەرزەی لە هەرێم هەیە، دووەمیش بوونی 6 هەزار و 500 پێگەی شوێنەواری کە مێژووەکەیان لە چاخی بەردینەوە تا ساڵی 1900 دەستپێدەکات."
لەشکری ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی ڕابردوو 47 تیمی بیانی لە هەرێم کاریان کردووە، بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکەن ژمارەکە زۆرتر بێت. ئێستا دوو تیم لە سەرەتای کارەکانیاندان و چەند تیمێکی دیکەی ئەوروپی و ئەمریکی، لەوانە تیمێکی زانکۆی بەرشەلۆنە، بەرنامەی کارەکانیان پێشکەش کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوچەکانی سۆران و دارەتوو و شوێنەکانی دیکە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار جەختی کردەوە کە ئامانجیان تەنها دۆزینەوە نییە، بەڵکو کار دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو پێگانە تا ببنە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتیاریی شوێنەواری و هەرێمی کوردستان سوودی ئابووری و زانستییان لێ وەربگرێت.
بڵند ئیبراهیم