ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر، ڕایدەگەیەنێت کە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی تابلۆی شوێنە گشتی و بازرگانییەکان بۆ سەر زمانی کوردی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەشڵێ، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی شوناسی نیشتمانی و زمانی دایکە."
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لەسەر فەرمانی جەنابی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی گۆڕینی تابلۆکان لە زمانەکانی دیکەوە بۆ زمانی شیرینی کوردی لە هەولێر دەستی پێکردووە. لیژنەیەکی باڵا چاودێریی پرۆسەکە دەکات و هەڵمەتەکە تا گۆڕینی دواین تابلۆ بەردەوام دەبێت."
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە بازرگانان و کاسبکارانی هەولێر هاوکارێکی زۆر باشی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بوون و گوتی، "ئێستا زۆرینەی تابلۆکان بە زمانی کوردی نووسراون و زمانی دیکە وەک زمانی دووەم بەکار هاتووە. ئامانجمان ئەوەیە شوناسی کوردستانی لە شوێنە گشتییەکاندا بە زیندوویی بپارێزین."
پێشتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دابوو کە پێویستە لەپێناو پاراستنی زمانی دایک، سەرجەم تابلۆکانی کەرتی تایبەت و حکوومی بکرێنە کوردی، ئەم بڕیارەش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە و جێبەجێ دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم