Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 21 FEB 2026 22:35 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"لۆژیکی ھێز و فەلسەفەی ئاشتی لە دیپلۆماسییەتی سەرۆک بارزانیدا"
| KDP.info


دکتۆر عرفان عه‌زیز

ھیچ کاتێک گەلی کوردستان بە قۆناغێکی ئاوا گرنگ و ھەستیاردا تێنەپەڕیوە، چونکە گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا ھەیە و ھەر ھەڵوێست و بڕیارێک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دواڕۆژی ئەم گەلە دەبێت. ئەم قۆناغەی کوردستان پێویستی بە بڕیاری دانایانە و دیپلۆماسییەتێکی ژیرانە ھەیە، کە گەلی کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارامی.

ڕاستە ئێستا جێگەی دڵخۆشییە کە ھۆشیاریی نەتەوەیی گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و توانیویەتی ببێتە فشارێکی بەھێز، بەڵام بێ بوونی سەرکردایەتییەکی حەکیم، کە ئەم ھۆشیارییە نەتەوەییە بکاتە ھێزێکی دیپلۆماسی، ھیچ ئەنجامێکی نابێت. ئەگەر ئەم ھۆشیارییە نەتەوەییە پێکەوە گرێ نەدرێت و ڕێنەخرێت، ڕووبەڕووی پوکانەوە دەبێتەوە.

لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، ھەنگاوی گرنگی دیپلۆماسی نراون، کە بە پڕۆژە چاکسازییەکانی شێخ عبدالسلامی بارزانی ساڵی ١٩٠٧دا دەستپێدەکات، کە وەرچەرخانێکی گرنگی بەخۆوە بینی. شێخ عبدالسلام وەک سیاسییەکی خاوەن دیدگا، یەکەمین ھەنگاوی مۆدێرنی بۆ گۆڕینی داواکاریی خێڵەکی، بۆ داواکاریی "نەتەوەیی و دەستووری" نا پڕۆژەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی ئاراستەی سوڵتانی عوسمانی کرد. ئەم زەمینەسازییە سیاسییە، ڕێگەی خۆش کرد، ھەتا جەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانیی نەمر نامەیەکی بۆ جەنەڕاڵ (شارڵ دیگۆل)ی سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسای ناردو، تێیدا داوای ھاوکاری و پشتیوانی لێکردبوو. دەقی نامەکە بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ماوەی سەدەیەکە ھەوڵی لەناوبردن و قڕکردنی گەلی کوردستان دراوە، بە سڕینەوەی ناسنامە، جوگرافیا و فەرھەنگەکەیەوە. بەڵام چونکە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا بناغەی ئیرادەی تاکی کوردستان گرنگیی پێدرا و دەنگی کورد لە سنوورە جوگرافییەکانی خۆی تێپەڕی، نەتوانرا ناسنامەی ئەم گەلە لەناو ببرێت، چونکە ئازار و ھۆشیاریی نەتەوەیی لەناو ناخی خەڵکی کوردستاندا بەردەوام بەھێزتر دەبوو.

لە قۆناغی ئەمڕۆدا، ھەوڵێکی زۆر درا لە ڕێگەی داڕشتنی جۆرەھا پیلانەوە، وەک دروستکردنی داعش و ھێرشکردنە سەر کوردستان، بڕینی بژێوی و قووتووی خەڵک و پیلانگێڕی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، تا ئاسەواری دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بسڕنەوە. بەڵام بینیمان چۆن سەرۆک مەسعوود بارزانی، بە سەرپەرشتیکردنی بەرەکانی جەنگ و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان کوردستان و جیھان، توانی ھاوپەیمانان بھێنێتە سەر خەت بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە پارێزەرانی کوردستان و ئەو مەترسییە دوور بخاتەوە. سەرۆک بارزانی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کوردستانی گەیاندە لووتکە و بە جیھانی گوت: "ئێمە لەجیاتی ئێوە شەڕ دەکەین"، بەمەش توانی سەرکەوتنی کوردستان بەسەر دوژمنان و ناحەزاندا ڕابگەیەنێت.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا کە مەترسی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ھەبوو و ھەوڵی سڕینەوەی جوگرافیا و ناسنامەی کورد دەدرا، سەرۆک بارزانی وەک سەرۆک و مەرجەعی گەلی کوردستان، تەنیا لە ماوەی یەک ھەفتەدا توانی لەگەڵ ئەمەریکا، ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبیی خاوەن بڕیار، پارێزگاری لە ناسنامە و بوونی کورد لەو پارچەیەدا بکات. ئەگەر ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی نەبوایە، قەت ڕۆژئاوای کوردستان نەدەگەیشتە کەناری ئارامی. فەلسەفەی سەرۆک بارزانی لە ئاستی ناوچەکەدا، جگە لەوەی کاریگەریی گەورەی ھەیە، ئێستا بووەتە بەھێزترین چەک (سۆفت پاوەر/ھێزی نەرم) کە سەرکردەکانی دیکەی ناوچەکە ناچارن ھەمان ڕێباز بگرنەبەر، چونکە ھێزی سەرۆک بارزانی لە فەلسەفەی پرۆسەی ئاشتیدایە نەک جەنگ. ھەر بۆیە دەبینین لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیادا دەبێت سەرۆک بارزانی قسەی خۆی ھەبێت، لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێککەوتن دەکات، لە باشووری کوردستان بڕیار دەدات، و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیشدا سەرۆک کۆماری ئێران (مەسعوود پزیشکیان) دەڵێت: "بۆ دەبێت ئێمە نەتوانین لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دوو دراوسێی باش بین؟ لەکاتێکدا سەرۆکێکی وەک سەرۆک بارزانییان ھەیە".

ئەو فەلسەفەیەی سەرۆک بارزانی، لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بنیاد نراوە. سەرۆک بارزانی ھەرگیز لایەنگری جەنگ نەبووە، بەڵکوو بەردەوام مەبەستی پاراستنی ھاوسەنگی و یەکڕیزیی نەتەوەیی کورد بووە. بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی و ئارامی نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکوو سەرۆک تێگەیشتنی تایبەتی خۆی بۆ چەمکی ھێز ھەیە، کە مەرج نییە ئەو ھێزە تەنیا چەک بێت، بەڵکوو ھێزی بڕیاردانە بە ژیری و گەڕانەوەیە بۆ ئاشتی.

لە مێژووی دوورو درێژی گەلی کوردستاندا، دیپلۆماسییەت بەقەد ئێستا بەھێز نەبووە. ئێستا کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی بەھێزە لە جیھاندا و وەک دەوڵەتێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا ھەژمار دەکرێت. تەنیا لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا، لە لایەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە (کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن) وەک سەرۆکی ھەرێمێکی کاریگەر و بەھێز لەگەڵ سەرکردایەتیی ھەموو جیھان کۆبووەوە و لەو ڕێگەیەشەوە سەرکردایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان بەشدارییان لەو کۆنفڕانسەدا کرد. بینیمان چۆن لە ئاستی میونشن مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکرا. بە ھەمان شێوە سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی لووتکەی سەرۆک حکوومەتەکانی جیھان لە دوبەی، بە ئاستێکی باڵا پێشوازیی لێکرا و سەرنجی ھەمووانی بۆ ھێز و کارامەیی حکوومەت لە چاکسازی و بەڕێوەبردندا ڕاکێشا. ھەموو ئەمانە لەژێر چەتری ئەو سیاستە دانایانەیەدا بووە کە چەندین ساڵە سەرۆک بارزانی لە ئاستی دیپلۆماسیدا بنیادی ناوە. سەرۆک بارزانی ئێستا جگە لەوەی کەسایەتییەکی شایستەیە بۆ وەرگرتنی (خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی)، لە ھەمان کاتدا بۆ ھەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا، دەوڵەتە زلھێزەکان ڕاوێژی پێ دەکەن.

لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین سەرۆک بارزانی توانیویەتی مۆدێلێکی نوێ لە 'دیپلۆماسییەتی نەتەوەیی' دابھێنێت، مۆدێلێک کە تێیدا پاراستنی شکۆی مرۆڤی کورد و خاکی کوردستان، لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی کاتییەوەیە. ئەمڕۆ ئەگەر جیھان بە چاوێکی پڕ لە ڕێزەوە سەیری ئەزموونی کوردستان دەکات، ئەوە دەرەنجامی ئەو حیکمەت و خۆڕاگرییە سیاسییەیە کە سەرۆک بارزانی ڕێبەرایەتی دەکات."




دوایین هەواڵەکان

سوپاسنامەیەک لە بنەماڵەی دەروێش ئاغا و سوارە ئاغا

SATURDAY, 21 FEBRUARY 2026 20:02:00

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو توبا عبدالرحمان ئاغای نۆرک، دەروێش عبدالرحمان ئاغا و سوارە محەمەد ئەمین ئاغا لە جیاتی بنەماڵەی کۆچکردوو سوپاس و پێزانین ئاراستەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

 

دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتی ئەوروپا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە سەقامگیریی ئاشتی لە ناوچەکە ھەیە

SATURDAY, 21 FEBRUARY 2026 17:02:19

یەکێتی ئەورپا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا گوتی "یەکێتی ئەوروپا سوپاس و پێزانینی بۆ ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی ھەیە لەبەرامبەر دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای حزبی دەعوەی عێراقی دەکات

SATURDAY, 21 FEBRUARY 2026 17:02:42

ھەولێر-KDP. info-ڕۆژی شەممە 21ی شوباتی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای حزبی دەعوەی عێراقی کرد.

 
مامۆستایەکی زانکۆ: کەسێک نەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت نەخوێندەوارە

SATURDAY, 21 FEBRUARY 2026 15:02:10

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین گوتی: "زمان دەورێکی باڵا لە ژیانی ھەموو میللەتێک دەگێڕێت و یەکێکە لە بەھێزترین ئامرازەکانی پاراستنی بنچینەی نەتەوە و نیشتمان، ھەر بۆیە لە بەندی 29ـی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە گرنگیی مافی پاراستن و بەکارھێنانی زمانی دایک کراوە، ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت: کەسێک نەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت نەخوێندەوارە."

د. محەمەد شوکری: لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان دەکرێت

SATURDAY, 21 FEBRUARY 2026 14:02:57

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەڕێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە، دەمانەوێت خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ھەرێمی کوردستان بکەین.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact