ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین گوتی: "زمان دەورێکی باڵا لە ژیانی ھەموو میللەتێک دەگێڕێت و یەکێکە لە بەھێزترین ئامرازەکانی پاراستنی بنچینەی نەتەوە و نیشتمان، ھەر بۆیە لە بەندی 29ـی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە گرنگیی مافی پاراستن و بەکارھێنانی زمانی دایک کراوە، ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت: کەسێک نەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت نەخوێندەوارە."
سامان عەبدوڵا، مامۆستای بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەلاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "21ی شوباتی ھەموو ساڵێک ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکە، ئەو ڕۆژە زۆر گرنگە و پێویستە زیاتر گرنگیی پێ بدرێت، چونکە زمان دەورێکی باڵا لە ژیانی ھەموو میللەتێک دەگێڕێت و یەکێکە لە بەھێزترین ئامرازەکانی پاراستنی بنچینەی نەتەوە و نیشتمان. لە بەندی 29ـی پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە گرنگیی مافی پاراستن و بەکارھێنانی زمانی دایک کراوە و ڕێکخراوی یونسکۆش دەڵێت: ھەر کەسێک نەتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێتەوە و بنووسێت نەخوێندەوارە."
سامان عەبدوڵا گوتیشی: "زمان پێناسەی مرۆڤ و نەتەوەیە و بەشێکی گرنگی کولتوور و کۆڵەگەی بنەڕەتیی ژیانە، پێویستی بە پاراستن و گرنگیپێدان و بەکارھێنان ھەیە، ئەمەش ئەرکێکی گرنگ و لەپێشینەی مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆیە. بەداخەوە ئێستا لە بواری ڕاگەیاندن و نووسیندا ستەمێکی زۆر لە زمان و ڕێنووسی کوردی دەکرێت، کۆمەڵێک کەس بەناوی ڕۆژنامەنووسییەوە ھیچ بەھایەکیان بۆ زمانی نووسین و ئاخاوتن نەھێشتووەتەوە، قسەکردن و نووسینیان پڕە لە وشەی بیانی، ئەمەش وای کردووە وشە باو و ڕەسەنەکان پەراوێز بخرێن."
دەشڵێت: "بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنی پەیوەندیدار مەرجی زمانزانی بکەنە پێوەری وەرگرتنی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکاران بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە شێواندن و پەراوێزخستن دوور بخەنەوە و ببێتە جێگای بایەخی میللەتانی تر و نەوەی داھاتوو. بۆیە ھیوادارم وەک چۆن لە ھەرێمی کوردستان ھەموو پێکھاتەکان بە زمانی دایک گفتوگۆ دەکەن و دەنووسن، بەھەمان شێوە وڵاتانی تر کلتووری گرنگیدان بە زمانی دایک بکەنە بنەما و یاسای وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی گەلی کوردستانی ئازاد بتوانێت لە ھەموو شوێن و وڵاتێکدا ئازادانە بە زمانی دایک بخوێنێت، بنووسێت و گفتوگۆ بکات."
بڵند ئیبراھیم