ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دەڵێت، زمان بنەمایەکی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەییە. هاوکات جەخت لە پابەندبوونی حکوومەت بە گرنگیدان بە زمانی کوردی و سەرجەم پێکهاتەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی شوباتی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە کوردستانیان کرد.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بە بەهای زمان کردووە وەک پێناسەیەک بۆ نەتەوە و دەڵێت: "زمان، بنەمایەکی گرنگ و سەرەکیی بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمانە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، سەرۆکوەزیران تیشکی خستووەتە سەر پێکەوەژیان و فرەکولتووری لە هەرێمی کوردستان و نووسیویەتی: "هەرێمی کوردستان بە هەبوونی زمان و کولتووری جیاوازەوە دەوڵەمەندە و جێی شانازییە، هەموو پێکهاتەکانی کوردستان، ئازادانە بە زمانی دایکی خۆیان دەدوێن و دەخوێنن."
هەروەها سەبارەت بە دیدگا و کاری حکوومەت لەم بوارەدا، مەسروور بارزانی جەختی لە پرۆسەی پەروەردە کردووەتەوە و دەڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە گرنگیدان بە زمانی کوردی و زمانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دووپات دەکاتەوە."