بەغدا-KDP.info- شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە دەسپێشخەرییەکەیان بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا دژی زیادکردنی باج، کۆدەنگییەکی گەورەی دروست کردووە.
شێروان دووبەردانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: "نوێنەرانی زۆربەی پارێزگاکان ئیمزایان دژی زیادکردنی باجی گومرگی کۆکردووەتەوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، چونکە ئەم بڕیارە بژێوی هاووڵاتییانی قورستر کردووە."
دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت بە بیانووی زیادکردنی داهاتی نانەوتی ئەم باجەی سەپاندووە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا.
گوتیشی: "خەڵک گلەیی زۆریان هەیە، بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا، بۆیە ئەگەر ئەم بارگرانییە بەردەوام بێت، پەرلەمان ڕێکاری دیکە بەرامبەر سیاسەتی دارایی حکوومەت دەگرێتە بەر."
قائید میرۆ