ئەمەریکا-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە سەردانی بارەگای سەرەکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI)ی کرد و ھەردوولا جەختیان لە بەھێزکردنی ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کردەوە.
نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە ئەمەریکا بڵاوی کردەوە: ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لە درێژەی سەردانەکەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەردانی بارەگای سەرەکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI)ی لە واشنتۆن کرد.
لەو سەردانەدا وەزیری ناوخۆ چاوی کەوت بە جەیسن کاپلان جێگری بەرپرسی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI).
رێبەر ئەحمەد و جەیسن کاپلان لە دیدارەکەدا جەختیان لە زیاتر بەھێزکردنی ھەماھەنگییەکان لە ڕووی ئاسایش و بەرەوپێشبردنی ھەوڵە ھاوبەشەکان کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
