ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٩ی شوباتی ٢٠٢٦، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەری لیوا روکن ھۆشمەند حیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەت، بەڕێوەبەری جموجۆڵی سەربازی و بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی سەربازی و کارگێڕی، سەردانی میحوەری پێنجی ھێزی پێشمەرگەی کرد و لەلایەن نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەر و جێگرانی میحوەر و ئەفسەرانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دانیشتنێکدا، دۆخی سەنگەرەکانی بەرگری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و پەڕەپێدانی توانای سەربازیی ھێزی پێشمەرگەی لە سنوورەکە لەگەڵ فەرماندەی میحوەر و ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگە خرایە بەرباس.

دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر پێداویستیەکان و چۆنیەتی دابینکردنی داواکارییەکانی میحوەر و ھەروەھا شێوازی ھەماھەنگی و مامەڵەکردنی میحوەر لەگەڵ ئەو یەکە سەربازییە نوێیانەی لە چوارچێوەی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی ھێزەکاندا دروستبوون.
لە تەوەری کۆتایی ئەو سەردانەدا، سەرۆکی ئەرکان سەردانی لیوای ٢٥ی پیادەی کرد و لەلایەن جێگری لیوا و ئەفسەرانەوە پێشوازی کرا و لە نزیکەوە بارودۆخی سەنگەرسازی خاڵەکانی پێشمەرگەی لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە شیکردەوە و جەختی لە تۆکمەیی سەنگەرەکانی بەرگری پێشمەرگە کردەوە و ورەبەرزی ھێزی پێشمەرگە و پابەندبوون بە دیسپلینە سەربازییەکانی بەرز نڕخاند.
