هەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، ڕێژەی شەرعیی زەکاتی پارە، زێڕ، زیو و بڕی سەرفیترە و فیدیەی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ (١٤٤٧ی کۆچی) ڕاگەیاند.
ئەمرۆ پێنجشەممە، 19ـی شوباتی، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، " نیسابی زەکاتی پارە بۆ ئەمساڵ سێ ملیۆن دیناری عێراقی واجبە زەکاتی (2.5 %) لێ بدات، واتە لە ملیۆنێک 25 هەزار دینار و لە 10 هەزار دۆلار 250 دۆلار بدات و هەروەها زەکاتی زیو 140 مسقاڵ هەر موسڵمانێک ئەو بڕە زیوەی هەبوو، واجبە لە (2.5 %) زەکاتی لێ بدات.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتیشی، ''بۆ زەکاتی زێڕ 20مسقاڵ واجبە نیو مسقاڵی لێ بدرێت، ئەگەر 40 مسقاڵ بوو، مسقاڵێک واجبە، هاوکات نیسابی (زەکاتی خشڵ)ی حەڵاڵی ئافرەتان کە بۆ خۆیان بەکاری بهێنن و بازرگانی پێوە نەکەن 200 مسقاڵ زێڕ، واجبە (2.5 %) لێ بدات.
باسی لەوەش کرد، زەکاتی (سەرفیترە) بۆ ئەم ساڵ، ئەگەر بە (پارە) بوو، سێ هەزار دیناری عێراقیە و هەروەها فیدیەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ ئەم ساڵ بۆ ئەوانەی عوزری شەرعییان هەیە ئەگەر بە (پارە) بوو، سێ هەزار دیناری عێراقییە.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی جەخت لەوە دەکاتەوە، بۆ ئەمساڵ زیو بنەمای دیاریکردن بووە، چونکە مامەڵەی زۆری پێوەکرا و دیاریکردنیشی لە بەرژەوەندی هەژارانە.