ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی بووژانەوەی قەڵای ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا و بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێی نۆژەنکردنەوەی قەڵات دەستپێدەکات کە نیشتەجێکردنەوەی خێزانەکان و کردنەوەی بەشێک لە شوێنە گشتییەکان لەخۆ دەگرێت.
د. یادگار محەمەد سەلیم، سەرۆکی کۆمسیۆنی بووژانەوەی قەڵاتی ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لە ڕێکەوتی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٦، پڕۆژەیەکی بەرفراوان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بە ھاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسکۆ دەستپێدەکات. ئەم پڕۆژەیە چەندین بڕگەی گرنگ لەخۆ دەگرێت، لەوانە:"
نۆژەنکردنەوەی ڕەفەکانی بەرامبەر دەرگای باشوور و ناوچەی سەرووی چایخانەی مەچکۆ.
بەردڕێژکردنی چەند ناوچەیەک و نۆژەنکردنەوەی دیوارە داڕماوەکان.
نۆژەنکردنەوەی ستوونەکانی ناو قەڵات و چەند خانوویەک لە دیوی مافوور فرۆشەکان.
د. یادگار ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی حکوومەت بەسیستەمکردنی قەڵاتە پێش کردنەوەی بە ڕووی گشتیدا. سەبارەت بە نیشتەجێبوون گوتی: "پلانمان ھەیە دوای تەواوبوونی کارەکان، ٥٠ خانەوادە بەپێی میکانیزمێکی تایبەت لە ناو قەڵات نیشتەجێ بکرێنەوە. ئێستا ٤٠ خانوو ئامادەن، بەڵام بۆ کاروباری کارگێڕی و سەنتەرەکان بەکاردێن."
سەبارەت بە بۆنەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، سەرۆکی کۆمسیۆنی بووژانەوە جەختی کردەوە کە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر، بەرنامەیەکی تایبەت بۆ ڕازاندنەوە و پیرۆزبایی جەژن لە ناو قەڵات ئامادە دەکرێت، کە وردەکارییەکانی لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕادەگەیەنرێت.
بڵند ئیبراھیم