ھەولێر-KDP.info- بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لقی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانیش دەڵێ، ئامانج لەم ھەنگاوە ئەوەیە کە چیتر ھاوکارییەکان تەنیا سنووردار نەبن بە فریاگوزاریی خێرا بۆ ئاوارەکان، بەڵکو ببنە بەشێکی جێگیر لە پلانی ساڵانەی دەزگاکە.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "دوای ڕووداوەکانی ماوەکانی ڕابردووی ڕۆژئاوای کوردستان ھەموولایەک بینییان دەزگای خێرخوازی بارزانی تیمەکانی گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و کۆمەک و ھاوکاری گەیاندە ئاوارەکان، ئەوەی کردمان کارێکی پیرۆزە و لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بوو، بڕیارە لقی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەینەوە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین."
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتیشی، "ئەوەی ئێستا دەکرێت تەنیا بۆ ئاوارەکان بوو، چونکە ڕەوشیان مەترسیداربوو و پێویستیان بە ھاوکاری بەپەلە ھەبوو، بەڵام لەمەودوا لقی دەزگا لە ڕۆژئاوا دەکەینەوە و ھاوکارییەکانمان تەنیا بۆ خەڵکی ئاوارە نابێت، بەڵکو ھاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتیش دەبێت، ئامانجامە ھاوکاری خەڵکی ھەژار بکەین."
مووسا ئەحمەد ڕوونی کردەوە، "بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوەی ئێمەش بینیمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا زۆربەی خەڵک پێویستی بە ھاوکارییە، بۆیە ڕۆژئاوای کوردستان دەخرێتە ناو پلانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ھەرچی لە تواناماندابێت درێغی ناکەین بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان."
قائید میرۆ