ھەولێر-KDP.info- عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، لە یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا ڕایگەیاند، کە ئەم ڕێکخراوە قوتابخانەی پێگەیاندنی سەرکردە و پارێزەری بیری نەتەوەییە.
بە مەبەستی پیرۆزباییکردن، عەلی حوسێن بە یاوەری ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و شاندێکی یاوەریان، سەردانی هەردوو لقی سلێمانی و لقی دەوروبەری یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانی کرد. لەوێدا وێڕای پیرۆزبایی، تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە قوربانیی ئەم ڕێکخراوە و ڕۆڵی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا.
لە وتەیەکدا بۆ قوتابیان و لاوان، عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە کرد: "لە مێژووی کوردستان و پارتیدا، ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان جگە لە کاری پیشەیی، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پێگەیاندنی کادیر و سەرکردەکان، هەروەها خاوەن قوربانی و شەهیدی زۆرن لەپێناو کوردستاندا." جەختیشی کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە لاوان ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت لە دروستکردنی ڕای گشتی بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و گوتی: "ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە و پێویستە لاوان لەو گۆڕانکارییانەدا ئامادەییان هەبێت."
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی کورد کرد و ڕایگەیاند: "لە گۆڕانکارییەکاندا هەموو لایەک چاویان لە سەرۆک بارزانییە؛ ئەگەر حیکمەتی بەڕێزیان و پارتی نەبووایە، زیانەکانی کورد لە ڕۆژئاوا زۆر گەورەتر دەبوون. ئێستا بەرپرسیارێتی سەرۆک بارزانی تەنیا لە ئاستی کوردستان و عێراقدا نییە، بەڵکو تەواوی ناوچەکە چاوەڕێی دەستپێشخەرییەکانی جەنابیانن بۆ چارەسەرییەکان."
