هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی حەفتا و سێ ساڵەی دامەزراندنییەوە، نێچیرڤان بارزانی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵێت، شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم کە لە ڕیزەکانی ئەم قوتابخانە نیشتمانییەدا کارم کردووە، لێرەوە فێری بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان بووین، کە ھەمیشە وەک ناوەندێکی گرنگی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیری لێھاتوو ڕۆڵی بینیوە.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان.
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و تەواوی ئەندامانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان
یادی حەفتا و سێ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە گەرمی لە ئێوە و تەواوی قوتابیان و لاوانی کوردستان پیرۆز دەکەم. ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم لە ئەرک و خەباتی نوێتاندا بۆ خزمەتکردنی ئەم دوو توێژە گرنگەی کۆمەڵگە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادە شکۆدارە دەکەینەوە، کە ھەردوو ڕێکخراوی تێکۆشەری قوتابیان و لاوان، وەک مێژووە درێژ و پڕ لە سەروەرییەکەیان، دیسانەوە لەژێر یەک چەتردا کارەکانیان یەکخستووەتەوە. ئەم یەکگرتنەوەیە و گەڕانەوە بۆ خەباتی ھاوبەش، ھەنگاوێکی گرنگ و سەردەمیانەیە بۆ کۆکردنەوەی وزە و تواناکان لەپێناو خزمەتێکی باشتر. شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم کە لە ڕیزەکانی ئەم قوتابخانە نیشتمانییەدا کارم کردووە؛ لێرەوە فێری بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان بووین، کە ھەمیشە وەک ناوەندێکی گرنگی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیری لێھاتوو ڕۆڵی بینیوە.
لاوان و قوتابیان بڕبڕەی پشتی داھاتووی کوردستانن. ئەرکی ئێوەی بەڕێز لەم قۆناغەدا، وێڕای داکۆکیکردن لە مافەکانتان، بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتان لە ئەستۆدایە بۆ ئامادەکردنی نەوەیەکی ھۆشیار کە بڕوای بە بەھاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکڕیزیی نیشتمانی ھەبێت و بە زانست و تەکنەلۆژیا ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی سەردەم. ئێمە وەک ھەمیشە بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە تواناکانتان دەکەین بۆ ئەوەی بە دیدێکی نوێخوازانە و داھێنەرانە بەشداری لە بنیاتنانی ئێستا و داھاتوویەکی باشتردا بۆ کوردستان بکەن.
لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی شەھیدانی یەکێتیی قوتابیان و لاوان و تەواوی شەھیدانی کوردستان دەکەینەوە. سڵاو لە ھەوڵ و ماندووبوونی ھەموو ئەو کادیر و ئەندامانەی لە ڕابردوودا و ئێستاش خزمەتیان کردووە و دەکەن.
ھەر سەرکەوتوو بن.
نێچیرڤان بارزانی