بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، زیادکردنی بڕگەیەکی بۆ بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە "پێشێلکاریی ئاشکرای دەستوور" و مادەکانی پەیڕەوی ناوخۆ ناو برد. فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت کە ئەو ھەنگاوە دژی پرەنسیپی کۆدەنگیی سیاسییە و بە تەواوی رەتی دەکەنەوە.
دەقی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی.
فراکسیۆنی پارتی بابەتی زیادکردنی بڕگە بۆ بەرنامەی کار، پێشێلکردنی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ و کۆدەنگی سیاسییە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ڕوویدا لە زیادکردنی بڕگە بۆ خشتەی کاری پەرلەمان، پێچەوانەی بڕگەکانی مادەی (٣٧/دووەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانە، وە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوور و پێچەوانەی کۆدەنگی سیاسی نێوان پێکھاتەکانە، بۆیە ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆمان ڕادەگەیەنین لە ھەمبەر ئەوە پێشێلکاریەی کە ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕوویداو بووە ھۆی تێکدانی ڕێکەوتنە سیاسییەکان، کە ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپی کۆدەنگی و ھاوسەنگییە لە دانانی پۆستە باڵاکانی دەوڵەتدا.
بۆیە ناڕەزایی خۆمان بۆ ئەم شێوازەی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەردەبڕین و ڕەتی دەکەینەوەو ھۆشداری دەدەین لە دووبارەبوونەوەی، وە لێرەدا جەخت لە سەر ئەوە دەکەینەوە کە بنیاتنانی دەوڵەت بە قۆرغکردنی بڕیارەکان و پەراوێزخستنی مافی پێکھاتەکانی خەڵک بەدی نایەت.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ی شوباتی ٢٠٢٦