ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ٧٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی قوتابیان و لاوان کرد و ڕایگەیاند: "ئەم دوو ڕێکخراوە قوتابخانەی پێگەیاندنی ھەزاران سەرکردە و کادیری بەوەفا بوون بۆ کوردایەتی."
دەقی پەیامەکەی زاگرۆس فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی:
٧٣ ساڵ خەباتی بێ ووچانی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆز بێت.
بەبۆنەی ١٨ی شوبات ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و کادر و ئەندام و دۆست و لایەنگران و سەرجەم قوتابیان و لاوانی کوردستان ئەکەم و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنمایی بارزانی نەمر لە ١٨ی شوباتی ساڵی (١٩٥٣) تا بە ئەمڕۆ ھاوتەریب لەگەڵ خەباتی مەدەنی و پیشەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، شان بە شانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گوڵانی نیشتمانی پێشکەوتنخواز، بەشداری و ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دا ھەبووە و قوتابخانەی پێگەیاندنی ھەزاران کادیر و سەرکردەی بەتوانا بووە و سەدان شەھیدی وەک (مەئمون دەباغ، لەیلا قاسم، سمکۆ ئامیدی، حاجی عبدالرحمن، سۆران سەلتە، نەوزاد محمد نجیب)ی پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کردووە و، چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم قوتابیان و لاوانی کوردستان بووە لەپێناو بەدەستھێنانی مافە پیشەیی و ئەکادیمی و زانستییەکان و، لە گشت قۆناغە جۆراوجۆرەکانی شاخ و شار پێشەنگ و لەڕیزی پێشەوەی خەبات و قوربانیدان بوون و، ھەر وەک باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر فەرمویەتی (سەری ڕمی گشت شۆڕش و ڕاپەڕین و شورەی پۆڵایینن بۆ پاراستنی کوردستان).
بەرزو پیرۆز بێت ١٨ی شوبات ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان
زاگرۆس فەتاح
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ی شوباتی ٢٠٢٦