هەولێر-KDP.info- شڤان پەروەر، ھونەرمەندی گەورەی کورد، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
شڤان پەروەر، وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکی دەزگا و کارمەندان، رایگەیاند، ئەو کارانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیان دەدات، جێگەی شانازیی ھەموو کوردە و پەیامێکی گرنگە بۆ یەکبوون و یەکگرتوویی گەلی کورد.
لای خۆیەوە موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەخێرھاتنی شڤان پەروەری کرد و رایگەیاند، شڤان پەروەر، لە رێگەی ھونەرەکەیەوە وەکو باڵیۆزێک دەردەکەوێت و سیمبۆلێکی دیاری ھونەریی نەتەوەی کوردە و خزمەتێکی یەکجار گەورەی پێشکەش بە خەباتی نەتەوەیی کردووە.
