ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، تەواوی ئامادەکارییە کارگێڕی، ئەمنی و ئیدارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز تەواو بوون و چاودێریی بازاڕیش چڕتر دەکرێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی یەک کاتژمێر لە دەوامی فەرمیی فەرمانبەران، بە جۆرێک دەوام لە کاتژمێر ٩:٠٠ـی بەیانی دەست پێ دەکات."
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی نرخەکان، پارێزگاری ھەولێر گوتی: "لیژنەکانی قایمقامیەت، بازرگانی، شارەوانی و تەندروستی ڕاسپێردراون بۆ چاودێریکردنی وردی بازاڕ. ڕێکاری توند بەرامبەر ھەر کەسێک دەگیرێتە بەر کە بیەوێت قۆرغکاری بکات یان نرخەکان گران بکات. ھەروەھا لە بازگەکانیش پشکنین بۆ ڕێگریکردن لە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو چڕتر دەکرێتەوە." ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراقەوە ھەیە و ھیوای خواست پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت.
پارێزگار جەختی کردەوە کە ھێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەر و سامانی ھاووڵاتیان لە شەوانی ڕەمەزاندا لە ئەرکدا دەبن. سەبارەت بە مزگەوتەکانیش، تەنیا لە ١٠ شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا تا نوێژی بەیانی کراوە دەبن و تەنیا پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمی بۆیان ھەیە مەڕاسیمە ئایینییەکان بەڕێوە ببەن.
بڵند ئیبراھیم