هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن وەرچەرخانێکی گرنگ بوو و ئەم کۆنفرانسە وەڵامی هەموو ئەو گومانانەی دایەوە کە دەیانگوت جیهان پشتیوانیی کورد ناکات.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێم بە بەرنامەیەکی چڕوپڕ و سەرکەوتوو بوو. گرنگیی پێگەی هەرێم لەوەدا دەرکەوت کە ٨٠٪ـی دیدارەکان لە شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی هەرێم بوون، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە سەرکردەکانی جیهان بە گرنگییەوە لە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەڕوانن."
شەهاب تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم لە پشتیوانیکردنی کوردانی ڕۆژئاوا و گوتی: "سەرۆکی هەرێم هەموو توانایەکی خستەگەڕ بۆ بەشداریی کارای مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسەکەدا. دەرکەوتنی پێکەوەیی فەرماندەی (هەسەدە) و وەزیری دەرەوەی سوریا پەیامێکی مێژوویی بوو، کە نیشانی دا کورد جدییە لە چارەسەری ئاشتییانە لە چوارچێوەی سوریا، ئەمەش جێگەی دەستخۆشیی وڵاتانی جیهان بوو."
لە کۆتاییدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم جەختی کردەوە کە ئەم کۆنفرانسە وەڵامی هەموو ئەو گومانانەی دایەوە کە دەیانگوت جیهان پشتیوانیی کورد ناکات: "بە پێچەوانەوە، بەتایبەت ئەمریکا بە گەرموگوڕییەکی زۆرەوە پشتیوانیی خۆی بۆ کورد دووپات کردەوە. جیهان بە چاوێکی ڕێزەوە لە سیاسەتی ژیرانەی سەرۆکی هەرێم دەڕوانێت لە پیادەکردنی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."
بڵند ئیبراهیم