فازڵ میرانی
دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینە جەماوەرییە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ی گەلی باشووری کوردستان، کۆمەڵێک سەرکردەی ڕۆژانی شۆڕش و خەباتی سیاسی و چەکداری، بەشدارییەکی کارایان کرد لە گۆڕینی ئاڕاستەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتی لە قۆناغی خەباتی شاخەوە بەرەو خەباتی مەدەنی و بونیادنانی دامەزراوەیی. شەهیدی سەرکردە فەرەنسۆ هەریری، بە دڵنیاییەوە یەکێک بوو لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەو کەڵەپیاوانەی کە لە هەردوو سەردەمی خەباتدا، توانا و لێوەشاوەیی بێوێنەی خۆی نیشان دا.
فەرەنسۆ هەریری لە یەکەمین خولی پەرلەمانی شکۆمەندی کوردستاندا، ئەندامێکی چالاک و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە دەسەڵاتی یاساداناندا؛ دواتر کە وەک وەزیر و پارێزگاری پایتەختی کوردستان ئەرکی گرتە ئەستۆ، دیسان سەلماندی کە لە دامەزراوەی حوکمڕانییشدا کەسایەتییەکی کارا، دڵسۆز و لێوەشاوەیە. ئەو یەکێک بوو لەو ئەندازیارە سەرەکییانەی بەشدارییەکی کارایان لە دانانی بەردی بناغەی گەشەکردن و بووژانەوەی هەولێری پایتەختدا هەبوو.
یەکێک لە سیما هەرە گەش و دیارەکانی کەسایەتیی شەهید فەرەنسۆ، باوەڕی قووڵی بوو بە پرەنسیپی پێکەوەژیان؛ ئەو تەنیا پشتیوانی پێکەوەژیان نەبوو، بەڵکو خۆی نموونەیەکی زیندووی ئەو کولتوورە بوو. وەک تێکۆشەرێکی مەسیحی لەناو ڕیزەکانی پارتی و شۆڕشدا، بووبووە سیمبولی ڕاستەقینەی برایەتیی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستان. هەمیشە هەوڵی دەدا هەولێر وەک چەترێکی میهرەبان بێت بۆ هەمووان، بەبێ جیاوازی.
جگە لە لایەنی سیاسی و کارگێڕی، فەرەنسۆ هەریری ڕابەرێکی گەورەی وەرزشوانان و پاڵپشتێکی بێوێنەی توانا و وزەی لاوان بوو. ئەو باش دەیزانی کە وەرزش زمانێکی جیهانییە بۆ ئاشتی و پێشکەوتن. لە سەردەمێکدا کە توانای دارایی وەک پێویست لەبەردەستدا نەبوو، بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ئەرکی بونیادنانی یاریگای نێودەوڵەتیی هەولێری گرتە ئەستۆ و کردیە یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی شارستانییەت لە پایتەخت. وەرزشوانانیش لە ئاست ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی، وەک وەفاداری و ئەمەکناسییەک، ناوی یاریگاکەیان نا "یاریگای فەرەنسۆ هەریری". ئەو نەک هەر تەلارسازێکی سیاسی، بەڵکو پشتیوانێکی ڕاستەقینەی خەونەکانی گەنجان بوو.
مخابن ئەو کەسایەتییە کاریگەرە، شۆڕشگێڕ و تەکنۆکراتە بەتوانایە، دەستی ڕەشی تیرۆری گەیشتێ و لە ساڵی ٢٠٠١دا شەهید کرا؛ بەم جۆرە کوردستان ڕۆڵەیەکی بەئەمەک و لێهاتووی لەدەست دا. لەم یادە خەمناکەدا، دروود بۆ گیانی پاکی فەرەنسۆ هەریری و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەنێرین.
سەروەری بۆ شەهیدان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی