هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە و کۆبوونەوە ڕێکخراوەییەکاندا، د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ هێرش مەولود، بەرپرسی ناوچەی پێشەوا، کۆڕێکی سیاسی و بەرچاوڕوونی بۆ کادیرانی سنووری لیژنەی ناوچەی پێشەوا ڕێکخست.
بەرپرسی لقی دوو، بە وردی تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە قۆناغەکە ئاڵۆز و پڕ لە تەحەدییە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، توانیویەتی نەتەوەکەمان لە مەترسییەکان بپارێزێت و هەستی نەتەوەیی بۆ سەرخستنی دۆزە ڕەواکەمان بەهێزتر بکات.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، د. زانا مەلا خالید باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرد و جەختی کردەوە کە بەرکەوتەی لایەنە سیاسییەکان دەبێت بەپێی ئەو قەبارە و متمانەیە بێت کە هاووڵاتیان لە هەڵبژاردندا پێیان بەخشیوون. گوتیشی، پارتی هەمیشە کار بۆ یەکدەنگی ماڵی کورد دەکات، لەم چوارچێوەیەشدا لێکتێگەیشتن لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە و ئومێدەوارین ئەم لێکتێگەیشتنانە ببێتە بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتگیر.
بەرپرسی لقی دوو، ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ئامادەبووان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، "پێناسەی کادیر لای ئێمە تەنها خزمەتکاری خەڵکە. جەنابی سەرۆک فەرمانمان پێدەکات کە پارتی بکەینە وەسیلەیەک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان."

