ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی "کۆمپانیاکانی وڵاتی میسر سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و دەیانەوێت لە چەندین بواری جیاجیا وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ئێمەش بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ دەکەین."
د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ژمارەیەک کۆمپانیای وڵاتی میسر سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، زیاتریش ئەو کۆمپانیایانەی دێنە ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت لە بواری پیشەسازی، دەرمان، سیرامیک، کاشی، کەلوپەلی بینا و کشتوکاڵ بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و پەرە بە بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بدەن، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکار و ھاوکاریان دەبین، بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت."
د.محەمەد شوکری گوتیشی "دەیانەوێت چەند کارگەیەک لە ھەرێمی کوردستان دامەزرێنن لە بواری جیاجیا، لەوانە دابینکردنی پێداویستی سەرەکی ناوماڵ، بۆیە گفتوگۆی زۆرمان ھەیە، میسر یەکێکە لەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، بازرگانیان لە ھەرێمی کوردستانن و ساڵانە پشانگا لە ھەرێمی کوردستان دەکەنەوە، پەیوەندی ئابووری و بازرگانیمان زۆر باشە و کار دەکەین بۆ ئەوەی باشتریش بکرێت."
بڵند ئیبراھیم