بەغدا -KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی "ھیچ گرفتێک لەبەردەم مووچەی فەرمانبەران نیە ئەگەر بەسیاسی نەکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە نەوت ڕادەست دەکات و مانگانەش داھاتی نانەوتی ومیزان مراجەعە و لیستی مووچە ڕادەستی بەغدا دەکات، بەڵام ئەوان کردوویانە بەعورفێک دوای مووچەی خۆیان ئەوکات مووچەی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکەن."
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئەگەر مامەڵەی سیاسی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەکرێت ھیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەران نیە، لەبەر ئەوەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش بەشێکن لەو وڵاتە و ئەوەی لەسەر ھەرێمی کوردستان پێویستە جێبەجێی کردووە، کە ڕۆژانە نەوت ڕادەستی بەغدا دەکرێت و ڕێژەش زیادکراوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش بۆ سێ مانگی دیکە پێشبینی تواناکانی خۆی داوەتە بەغدا کە چەند نەوت ڕادەست دەکەن، داھاتی نانەوتیش مانگانە ڕادەستی بەغدا دەکرێت و میزان مراجەعە و لیستی مووچەش مانگانە لەکاتی خۆی ڕەوانە دەکرێت."
عیسا ڕوونیشی کردەوە "ئەگەر غەدر لە ھەرێمی کوردستان نەکرێت هیچ گرفت نیە، بۆیە پێویستە وەکو ھاووڵاتی عێراقی حیساب بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام لە عێراق بۆتە عورف تاوەکو ئەوان مووچە وەرنەگرن مووچەی ھەرێمی کوردستان نادەن، ئەوەش جێگەی داخە، بۆیە دوای مووچەی بەغدا ئەوەی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم