هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت ماوەیەکە دەستی پێکردووە و پڕۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
عەمید (کامل بەرزنجی)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە هەڵمەتێکی گشتگیرمان لە ڕێگەی سەرجەم بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە بۆ بنبڕکردنی تاوانە جۆراوجۆرەکان دەست پێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش شەوانە تیمەکانمان لە شوێنە جیاوازەکان بازگەی کاتی دادەنێن."
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی تیمەکانیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر گوتی: "تیمەکانمان لە تەواوی سنووری پارێزگاکە لە هەڵمەتەکەدا بەشدارن و لە هەر شوێنێک پێویست بێت بازگە دادەنێن. ئامانجی سەرەکیمان کۆنتڕۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت و ڕێگریکردنە لە هەر حاڵەتێکی نایاسایی."
عەمید (کامل بەرزنجی) جەختیشی کردەوە، ئەم هەڵمەتە گشتگیرە، بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیانە، گوتیشی: "وەک هەمیشە خۆمان بە خزمەتکاری ڕاستەقینەی هاونیشتمانیان دەزانین."
ئومێد بابان