سیروان حەمە شەریف لە لێدوانێک سەبارەت بە دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی سەرکردایەتی بارزانی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی گوتی "کاتێک لە ئاستی هەرێمایەتی سەیری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە ساڵانی ڕابردوو بە ئێستاشەوە، دەبینین وڵاتانی کاریگەری ناوچەیی وەک ئەردەن و شانشینی سعودیە لە ڕابردوو بە پرۆتۆکۆلی فەرمی و ئاست بەرز پێشوازییان لە سەرۆک بارزانی کردووە، هەروەها ئێستا بە هەمان شێوە پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان،کاک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کاک مەسرور بارزانی، دەکرێ لە ئاستی ناوچەیی."
سەبارەت بە پەرەسەندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم لە ئاستی جیهانی، ئەو مامۆستای زانکۆیە گوتی "لە ڕابردوو و لە کاتی شەڕی داعشدا، بینرا کە سەرۆکی فەرەنسا فەرانسو ئۆلاند تەنانەت پرۆتۆکۆلی فەرمی شکاند کاتی دیدار لەگەڵ سەرۆک بارزانی سەردانی کوردستانی کرد، هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا ئۆباما خۆی پێشوازی لێ کرد. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرۆک بارزانی بەهۆی کەسایەتییە سیاسییە بەهێزەکەی توانی ئاستی پێشوازیی شاندە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە ئاستی دەوڵەتێکی زمنی مامەڵە لەگەڵکراو کە ئەم جۆرە دیدار و پەیوەندییانە لە پێگەی هەرێمێکی ناوخۆیی بەرزترە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی سەبارەت بە درێژەدان بە ڕێچکە و ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان گوتی "ئێستا پەرەسەندنی پەیوەندیی سیستەمی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بەڕوونی دیارە، بانگهێشت و بەشداریی شاندە دیپلۆماسییەکانی هەرێم، چ لە ئاستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چ لە ئاستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسە نێودەڵەتییەکانی وەک داڤۆس بۆ بواری ئابووری و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و لوتکەی حکوومەتەکان لە ئیمارات و زۆر کۆڕ و کۆبوونەوە و دیداریتر نیشانی دەدات شاندی کوردستان وەک دەوڵەتێکی زمنی پێشوازی لێ دەکرێت و دبلۆماسی هەرێم رووەو هەڵکشانێکی مەزنە.
ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە بناغەی بڕیارە گەورە سیاسی و ئابورییەکان لەم جۆرە کۆنفرانسانە هێڵە گشتییەکانی دادەڕێژرێت و بریاری لێ دەدرێت، ئەم ئاستە بەرزە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەریدەخات هەرێمی کوردستان لەڕووی مامەڵەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزتر لە هەرێمێکی لۆکاڵی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
هەروەها لە سۆنگەی بەرگری لە مافەکانی کورد مامۆستا سیروان دەڵێت "کاتێک ڕۆژئاوای کوردستان دووچاری هێرشی توند بووەوە، سەرۆک بارزانی شەخسی خۆی بە ڕەچاوکردنی یاسای نێودەوڵەتی و کۆنوانسیۆنە نێودەڵەتییەکان بەرگریی سەختی سیاسی، دیپلۆماسی و نیشتمانی لە رۆژئاوای کوردستان کرد."
سەلاح جەلال