ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، نەناردنی بەشێک لە مووچەی مانگی یەک لەلایەن بەغدا بەبێ ھۆکار بۆتە ھۆی ئەوەی گرفت بۆ مووچەی بەشێک لە خانەنشینان دروست بێت، بەڵام لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین و ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت.
ھونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "دوای بڕیاری یاسایی خانەنشینی یەکگرتوو لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی گرتەوە کە سێ مەوالید بوو ئەو کێشەیەی دروستکرد، دواتر توانرا مامەڵەکانیان تەواوبکرێت و بەقۆناغ مووچەکانیان خەرج بکرێت، مانگ ھەبووە جیاوازی مووچە 57 ملیار دیناربووە کە بەشێک لە خانەنشینان 12 مانگ چاوەڕێی مووچە دەکەن بەھۆی ئەوەی مووچەی مانگی 11 و 12 خەرج نەکرا لەگەڵ مووچەی مانگی یەک بۆیان بەسترا، بۆیە لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک بۆمان دەرکەوت لەگەڵ ئەو 36ملیار دینارەی نەنێردراوە مووچەی نزیکەی 8ھەزار و 213 خانەنشینی سەربازی و مووچەی 3ھەزار و 383 خانەنشینی مەدەنی ئەمانە بەشێکیان مووچەی مانگی 10 و مووچەی مانگی یەکە کەمئەندامانی سەنگەر لە سلێمانی و ئەوانەی ھەولێر و دھۆک مووچەی مانگی نۆ و 10شیان وەرنەگرتووە لەگەڵ مانگی یەک بۆیان بەستراوە، وەزارەتی دارای عێراق دیارە ڕوونکردنەوەیان دا و ئێمە ڕامانگەیاند، پێویستە ڕوون بێت ھەموو لێبڕین و نەناردنێک بەغدایە و ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندی خۆیان جێبەجێ کردووە، بۆیە ئەوانەی مووچەیان خەرج نەکرابوو ئێمە لەگەڵ لیستی مووچە بۆ بەغدامان ناردووە ئەوان نەیانناردووە."
ھونەر جەمال گوتیشی "تا ئەوکاتەی مووچەی مانگی یەک نێردراوە داوای ھیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لە ئێمە نەکردووە، تیمێکمان لە بەغدا بوو و ھاتوونەتەوە و لەسەر خەتیش بوون بێ کێشە بووە، بۆیە دوای ھاتنی مووچە، 36 ملیار دیناریان بڕیوە، بۆیە بۆ چارەسەر بە چەند ڕێگەیەک لەسەر خەتین لەڕێگەی تەلەفۆن و ڕوونکردنەوەمان پێیان داوە ئەوە مووچەیە و نووسراویشمان بڵاوکردەوە و داوای 281 ملیاری دینارمان بۆ مووچەی مانگی یەکی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی کردووە، بەڵام ئەوان 244 ملیار دیناریان ناردووە و 36ملیار دیناریان بڕیوە، بۆیە ڕۆژی پێنجشەممە بە نووسراوی فەرمیی داوای ئەو پارەیەمان کردووە و نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا لەوێ لەسەر خەتن، ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بۆیە ڕەتیان نەکردووەتەوە ئەو پارەیە بدەن بەڵکو لێکتێنەگەیشتن ھەیە، بۆیە لەھەوڵداین لە زووترین کات پارەکە ڕەوانە بکرێت ئەگەر نا لەگەڵ مانگی دوو خەرج بکرێت بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییە پێکەوە لەگەڵ مووچەی مانگی دوو بۆیان خەرج بکرێت."
دەشڵێت "بڕیارە تیمێک بچێتە بەغدا، لەوێ ئەگەر پێویست بکات ڕوونکردنەوەی زیاتریان پێدەدات، جگە لەوە دەبێ بۆ بودجەی 2026 گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین."
بڵند ئیبراھیم