دهۆک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک دەڵێ، هێزی پارتی لە میللەتەوە سەرچاوە دەگرێت و گەورەیی پارتیش لەوەدایە کە هەمیشە لەناو جەماوەردایە، جەختیشی کردەوە کە هاووڵاتیان بۆ چارەسەری کێشەکانیان ئۆرگانەکانی پارتی بە پەناگەی ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن.
د. ڤیان سلێمان، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پارتی حزبێکی جەماوەرییە و لەناو دڵی خەڵکدا ڕەگی داکوتاوە. مێژووی دامەزراندنی پارتی بۆ گێڕانەوەی مافی میللەتێکی مەزڵۆم بووە، هەر ئەمەش وای کردووە کە خەڵک هەمیشە لەدەوری ڕێبازی پارتی کۆببنەوە و پشتیوانی سەرەکی بن بۆ سەرکەوتنەکانی."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، خزمەتکردنی هاووڵاتیان بۆ پارتی تەنیا دروشمێکی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو پرەنسیپێکی نەگۆڕی کارکردنە، "پارتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەل دامەزراوە. ئۆرگانەکانی ئێمە وەک یەک تیم لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتدا کار دەکەن بۆ ئەوەی بە سنگێکی فراوانەوە گوێ لە داواکاریی خەڵک بگرن و بەپێی توانا کێشەکانیان چارەسەر بکەن."
د. ڤیان سلێمان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە، "خەڵکی کوردستان پارتی بە خاوەنی خۆی دەزانێت، بۆیە لە کاتی بوونی هەر گرفتێکی کۆمەڵایەتی یان کارگێڕی، ڕوو لە ئێمە دەکەن. ئێمەش، ئەرکی لەپێشینەمان ڕازیکردن و خزمەتکردنی خەڵکە، چونکە گەورەیی پارتی لە هەبوونی ئەو جەماوەرە دڵسۆزەدایە."
قائید میرۆ