ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت "بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن زۆر گرنگە و دەرگای دیپلماسیەتی وڵاتان بەڕووی ھەرێمدا دەکاتەوە و پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بەھێزتر دەکات."
د.ساڵح مەلا عومەر عیسا، ماموستای زانکۆ و شارەزا لە پەیوەندی نێودەوڵەتی، گرنگی بەشداریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان خستە ڕوو و گوتی "کۆنفرانسی میونشن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە و زۆرینەی سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە بەشداری تێدا دەکەن، بۆیە بەشداریی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گرنگی یەکجار زۆری ھەیە، لەبەر ئەوەی بەگشتی قەیران و ئاڵۆزی و گۆرانکارییەکانی لە ناوچەکە ڕوودەدەن کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستانیش ھەیە، ئەمەش تەنیا کاریگەری ناوخۆیی نابێت، بگرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت، بەنموونە قەیرانی سوریا، ئەگەر دیپلۆماسیەتی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نەبووایە کوردەکان نەیاندەتوانی پێگەیان بەوشێوەیە بمینێتەوە، وڵاتانی کاریگەر ڕۆڵیان لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق ھەیە، ھەموو ئەکتەرەکانی نێودەوڵەتی کاریگەریان ھەیە لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە گرنگە ھەرێمی کوردستان بەشداری چالاکانەی ھەبێت، بەتایبەت ئەزموونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بواری دیپلۆماسی دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەھێزکردنی پەیوەندی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان دروست بکات."
د.ساڵح مەلا عومەر گوتیشی "ئێستا لە ھەر وڵاتێک ھەر شەڕ و ئاڵۆزییەک دروست بێت کاریگەری لەسەر ھەموو ناوچەکە و جیھان دەبێت، لە شەڕی داعش بینیمان چۆن بوو، بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستان لەڕووی دیبلۆماسی پەیوەندییەکانی زیاتر بەھێز بکات، ئەمەش کە سەرۆکی ھەرێم بەشداری لە گەورەترین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەکات کاریگەری لەسەر بەھێزبوونی پێگەی دیبلۆماسی ھەرێمی کوردستان دەبێت، لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھانیش و دەرگای دیبلۆماسی ھەموو وڵاتان بەڕووی ھەرێمی کوردستاندا دەکرێتەوە کە بەو شێوەیە پێشوازی لە سەرۆکی ھەرێم بکرێت وەکو سەرۆکی دەوڵەتێک نەک وەکو ھەرێمێک، ئەمە کاریگەری لەسەر سەقامگیری ھەرێمی کوردستانیش دەبێت، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەرمایەگوزاریی کۆمپانیاکانی وڵاتانیش لە ھەرێم دەبێت، ئەوەش پێگەی ھەرێمی کوردستان زۆر بەھێزتر دەکات."
بڵند ئیبراھیم- سەلاح جەلال