هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ کادیرانی لقی ١٦ بەڕێوەچوو و تێیدا جەخت لەسەر خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١ و چیا هەرکی، جێگری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی، کۆبوونەوەی کادیرانی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بەرپرسیاریەتی مێژوویی پارتی و ئاماژە بەوە کرا، لەژێر ڕێنوێنییەکانی سەرۆک بارزانیدا، پێویستە کادیران شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی خەڵک، چونکە پارتی داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانی میللەتەکەمانە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم کرا و جەخت کرایەوە کە، پارتی هەمیشە ڕێزی لە ئیرادەی خەڵک گرتووە. وەک جەنابی سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردووەتەوە، دەبێت قەبارە و سەنگی هەر لایەنێک لەبەرچاو بگیرێت و یەکڕیزیی نیشتمانی بپارێزرێت.
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق و پۆستی سەرۆککۆمار، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیەندرا، ''بۆ پارتی سازان و تەوافوق گرنگە نەک پلە و پۆست. پۆستی سەرۆککۆمار ئیستیحقاقی گەلی کوردە و پێویستە لایەنە کوردستانییەکان لەسەر میکانیزمێکی گونجاو بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە ڕێبکەون.


