هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) هۆشداریی دەدەن لە گۆڕانکاریی توندی کەشوهەوا و بارانبارینی سەرتاسەری لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
پێشبینی دەکرێت بارانی بەلێزمە و هەورە تریشقە ئەم شوێنانە بگرێتەوە (بەردەڕەش، مێرگەسۆر، بارزان، هەریر، پیرمام، بەحرکە، بنەسڵاوە، شەمامک، دەوروبەری پردێ، چوارتا، ماوەت، قەڵادزێ، سەنگاو و تەکیەی جەباری).
بۆ دووربوون لە مەترسییەکانی هەورە تریشقە و لافاو، تکایە ئەم ڕێکارانە بگرنەبەر:
لەناو ئۆتۆمبێل: ئەگەر لە دەرەوە بوویت، لەناو ئۆتۆمبێلەکەت بمێنەرەوە و دامەبەزە.
دوورکەوتنەوە: لە ستوونی کارەبا، تاوەری گەیاندن، داری بەرز و شوێنە بەرزەکان دوور بکەوە.
مۆبایل: لەکاتی هەورە تریشقەدا دەستبەجێ مۆبایلەکەت بکوژێنەوە.
ناوچە شێدارەکان: لە کەناراو، ڕووبار، چەم و زۆنگاوەکان دوور بکەوە.
شوێنی کراوە: ئەگەر لە شوێنێکی کراوە بوویت، مەڕۆ و دەستبەجێ لەسەر زەوی دابنیشە تا بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
بەهۆی ئەگەری خۆڵبارینیشەوە، مەودای بینین بۆ ٤ کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە و خێرایی با لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ کم/سەعات دەبێت بە ئاڕاستەی باکووری ڕۆژهەڵات.
لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا: پەیوەندی بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی بەڕێوەبردنی قەیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکەن.