میونشن-KDP.info- گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن وەک کارەکتەرێکی بڕیاردەر بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەکەوێت و جیهان بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''کۆنفرانسی ئەمساڵی میونشن لە کاتێکی هەستیاردایە کە جیهان لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە. هەرێمی کوردستان کە لە ناوچەیەکی پڕ ململانێدایە، لە ڕێگەی سەرۆکی هەرێمەوە تێڕوانینی خۆی بۆ ئەم هاوکێشانە دەخاتە ڕوو، چونکە ناسەقامگیریی ناوچەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایش و ئابووریی هەموو جیهان دەبێت.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد کە زنجیرە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، چەند پرسێکی گرنگی لەخۆ گرتووە، لەوانە:
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر: جەختکردنەوە لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
قەیرانی مرۆیی: بەرزنرخاندنی میوانداریکردنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
دیپلۆماسیی ئاشتی: هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ کێشەکانی تورکیا و سووریا.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم جەختی کردەوە کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەمیشە کار بۆ دوورخستنەوەی شەڕ دەکات و دەڵێت، ''شەڕ چارەسەری هیچ کێشەیەک ناکات، بەڵکو تەنیا زیانەکان گەورەتر دەکات. سەبارەت بە پرسی سووریاش، تێڕوانینی جەنابیان ئەوەیە کە دەبێت لە سووریای داهاتوودا شوێنی هەمووان ببێتەوە و پەراوێزخستنی کورد جگە لە ناسەقامگیری، هیچی تری لێ شین نابێت.
بڵند ئیبراهیم