هەولێر-KDP.info- شارەزایەکی بواری وزە جەخت دەکاتەوە کە متمانەی ڕۆژئاوا بە کوردستان، تەنیا لەبەر نەوت و گاز نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو سەقامگیرییە سیاسییەیە کە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت دایانمەزراندووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشداریی سەرۆکی هەرێم لە میونشن و سەرۆکی حکوومەت لە داڤۆس، گەورەترین نیشانەی ئەم متمانە نێودەوڵەتییەیە.
شەهریار شێخلەر، شارەزای بواری وزە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''ئێستا وزە تەنیا پرسێکی ئابووری نییە، بەڵکو پرسێکی جێئۆپۆلیتیکی و ئاسایشی جیهانییە. ململانێ نێودەوڵەتییەکان و پێویستیی ئەوروپا بە سەقامگیریی وزە، وایکردووە هەرێمی کوردستان بەهۆی یەدەگە دەوڵەمەندەکەی و سیاسەتی سەرکردایەتییەکەیەوە، ببێتە جێگەی بایەخی زلهێزەکان.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی بەرچاوی لە پیشەسازیی گازی سروشتیدا ناوە، ئێستا گازی ناوخۆیی توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبای نیشتمانیی هەیە. گوتیشی، ''چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا کوردستان ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەناردەکردنی گاز بۆ ئەوروپا، ئەمەش پێگەی هەرێم لە هاوکێشە جیهانییەکاندا بەهێزتر دەکات.
شێخلەر جەختی لە گرنگیی بەشداریی سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسی میونشن و سەرۆکی حکوومەت لە داڤۆس کردەوە و گوتی، ''ئەم بەشدارییانە نیشانەی متمانەی جیهانییە بە هەرێمی کوردستان. کۆنفرانسی میونشن کە بایەخێکی زۆر بە جێئۆپۆلیتیکی وزە دەدات، هەلێکی زێڕینە بۆ سەرۆکی هەرێم تا تواناکانی کوردستان لە گواستنەوەی وزەی ناوچەکە و کەنداو بۆ بازاڕەکانی جیهان بخاتە ڕوو، کە ڕێڕەوێکی خێرا و پارێزراو و هەرزانە.
لە کۆتاییدا، شەهریار شێخلەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە متمانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، تەنیا پەیوەست نییە بە نەوت و گاز، بەڵکو پەیوەستە بەو سەقامگیرییە سیاسییەی کە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت لە ناوچەکەدا دایانمەزراندووە، ئەمەش وڵاتانی زلهێز هان دەدات وەبەرهێنانی زیاتر و پاڵپشتیی سیاسیی بەهێزتر بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن.
کرمانج گوانی