ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ڕاگەیەنراوێک وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دایەوە سەبارەت بە نەناردنی بڕی ٣٦ ملیار دینارەکەی شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
لە راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری تۆمەتی نەناردنی ئەو بڕە پارەیە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ھەروەھا رایدەگەیەنێت "ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسراوێکی دیکەمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کرد بۆ خەرجکردنی ئەو ٣٦ ملیار دینارەی کە نەیان ناردووە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:-
سەبارەت بە مووچەی مانگی کانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەموکوڕییەوە، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم کراوە، بە پێویستمانزانی وەک وەڵامێک بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم ڕاستییانەی خوارەوە بکەینەوە.
١- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) مووچەی ھەرێمی کوردستان تێکڕا لە بەغداوە خەرج کراوە، واتە ھەر کەموکوڕییەک لە مووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی ھەرێم لەو سێ ساڵە ڕوویدابێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.
٢- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە ڕامانگەیاند وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ زیاتر لە (٣٦) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر (بۆ نموونە خانەنشین ھەیە ١٢ مووچەی وەرنەگرتووە، بەڵام تەنھا یەک مووچەی بۆ ھاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێکیان مووچەی مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، بەڵام تەنھا یەک مووچەیان بۆ ھاتووە).
٣- بەپێی نووسراوی ژمارە ٣٦٦ لە رێکەوتی ٢٧/١/٢٠٢٦ داوای خەرجکردنی بڕی (٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦) دوو سەد و ھەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوار سەد و حەفتا و یەک ھەزار و دوو سەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج کردووە، کە بڕی ٣٦ ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنھا بڕی (٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧) دوو سەد و چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش ھەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.
٤- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی (١٢ی شوباتی ٢٠٢٦) نووسراوی دووەممان بە ژمارە (١١٦٤/٤/٧) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی (٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٨٥٩) دینارمان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
٥- بەبیر ھەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەھێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا ھێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لەپێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.
لە کۆتاییشدا بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا و ھەموو مەحفەلەکانی تردا بەشانازییەوە تەنیا حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش ھەموو کەس و لایەنەکانی تر.