هەولێر-KDP.info- هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئامادەکردنی درافتی کۆتایی ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی پێکەوەژیان و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی ئاشکرا کرد. ئەم ستراتیژییە بە هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک IOM و Spark و Sparda ئامادە کراوە و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردن.
هێمن میرانی جەختی کردەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ستراتیژییە، پاراستنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردنە لە کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا وشەی "کەمینە" بەکارنایەت و هەموو گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان بە "پێکهاتەکانی کوردستان" ناودەبرێن، چونکە هەمووان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی تەنیا بە یاسا نابێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی "بیر" هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ستراتیژییەکە سێکتەرەکانی پەروەردە، زانکۆکان، میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەگرێتەوە، دەڵێت، ناوەندێکی تایبەت بۆ مۆنیتەرکردنی میدیاکان دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی هەر گوتارێکی توندڕەوی بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، هێمن میرانی چەند زانیارییەکی گرنگی خستە ڕوو و رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی 20% لە سزاکانی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتیان درێژ دەکرێتەوە و حکوومەت پاڵپشتی ئەم پێشنیازە دەکات.
سەبارەت بە دامەزراندنی 665 کەس وەک پۆلیسی گەشتیاری، روونیکردەوە، بەهۆی بڕیارێکی ساڵی 2024 بۆ ڕاگرتنی دامەزراندن، پرۆسەکە وەستاوە و چاوەڕێی بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن بۆ تەواوکردنی کارەکانیان.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی 9ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چاکسازی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا.